دۆسیەی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی داعشدا شەهید بوون بۆ وەزارەتی شەهیدان ڕەوانە دەكرێن.. تا شەش مانگ مووچەكەیان بە تەواوەتی دەدرێتێ

 دۆسیەی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی داعشدا شەهید بوون بۆ وەزارەتی شەهیدان ڕەوانە دەكرێن.. تا شەش مانگ مووچەكەیان بە تەواوەتی دەدرێتێ
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی داعشدا شەهید بوون، ژمارەیەكی كەمی دۆسیەكانیانمان بۆ رەوانە كراوە، چونكە حكوومەت بڕیاری داوە تا شەش مانگی دوای شەهیدبوونیان مووچەكەیان بە تەواوەتی پێ دەدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دوو لیژنە بۆ پرسی شەهیدان دروست كراون و لە ساڵی رابردوویشدا 470 دۆسیەی شەهیدان یەكلا كراونەتەوە و لیژنەیەكیش بۆ ئەو سكاڵایانە دروست كراوە كە لەسەر بڕیارەكانی لیژنەكە هەبووە، هەروەها تا ئێستا 206 دۆسیە لە ناوەڕۆكەوە كەموكوڕییان هەبووە و ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتییەكان كراون بۆ ئەوەی چارەیان بكەن و لە تۆماری نوێدا دابنرێن.
(فوئاد عوسمان) گوتیشی، ئەو دۆسیانەی یەكلا كراونەتەوە ئەوانە نین كە لە شەڕی داعشدا شەهید بوون، بەڵكە دۆسیەی دیكە بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی دۆسیەی ئەو شەهیدانەیان بۆ هاتووە كە لە شەڕی داعشدا شەهید بوونە ،چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە تاوەكو شەش مانگ دوای شەهیدبوونیان مووچەكەیان بە تەواوەتی پێ دەدرێت بە هەموو ئیمتیازاتەكانەوە.
هێمایشی بۆ ئەوە كرد كە، هەر كاتێك شەش مانگ تێپەڕ بێت، وەزارەتی پێشمەرگە بە لیست ناوی شەهیدانیان بۆ رەوانە دەكات و ئەوانیش بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازات ناویان تۆمار دەكەن.
Top