شەشۆ: نیوەی زیاتری شنگال بە دەست پێشمەرگەوەیە..داعش لە گەڕەکی نەسڕ و شەهیدان ماون، بەمنزیکانە وەدەریان دەنێین

 شەشۆ: نیوەی زیاتری شنگال بە دەست پێشمەرگەوەیە..داعش لە گەڕەکی نەسڕ و شەهیدان ماون، بەمنزیکانە وەدەریان دەنێین
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ) دەڵَێت، هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویكردن بەردەوامە و نیوەی زیاتری شنگال لە دەست هێزی پێشمەرگەدایە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە شەڕ بەردەوامە و بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی)ـیش نابێت هیچ خێزانێك بگەڕێتەوە شنگال تا لە مین پاك دەكرێتەوە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم شەشۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە شنگال شەڕ بەردەوامە و هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و داعش زیاتر لە هەردوو گەڕەكی نەسڕ و شەهیدان هەیە و بەم زووانە شنگال بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت و وەدەریان دەنێین.

(شەشۆ) گوتیشی، ئەوانەی سەرەتا هێرشیان كردە سەر شنگال، هێزی پێشمەرگە بوون و ئەوە راست نییە كە باس لەوە دەكرێت یەپەگە سەرەتا هێرشی كردووە، لە هەموو ناوچەكانی شنگالیش تا دەگاتە سنوور 300 چەكداری یەپەگە نییە و ئەوەی كە شەڕ دەكات هێزی پێشمەرگەیە و یەپەگە لە هەر شوێنك ئاڵای خۆی هەڵدەدات بۆ ئەوەی بڵێت ئێمەیش لەوێین، بەڵام پێشمەرگە شەڕ دەكات.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، ئەو داعشانەی لە شنگال ماون زیاتر ئەوانەن كە ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن، ئەگەر نا ئەوانەی دیكە هەڵاتوون.

(قاسم شەشۆ) راشیگەیاند، خەڵك تاك تاك دەگەڕێتەوە تەماشای ماڵەكانیان دەكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كەس نەگەڕاوەتەوە بۆ سەرماڵەكانیان و بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی)ـیش نابێت هیچ خێزانێك بگەرێتەوە تاوەكو ناوچەكە بە تەواوەتی لە مین پاك دەكرێتەوە، چونكە لە زۆر شوێن مین چێندراون.
Top