هەولێر.. ئەندازیارێك ژن و مێردێكی لوبنانی دەسووتێنێت
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كە توانراوە لەماوەی ٤٨ كاژێر بكوژەكە دەستگیربكرێت.
پۆلیسی هەولێر هۆكاری رووداوەكەی بۆ بوونی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گەڕاندەوە لە نێوان بكوژ و كوژراوەكان. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەولێر گوتیشی "تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی ٤٠٦ یاسایی سزادانی عێراقی دادگایی دەكرێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر کات و چۆنێتی رووداوەکە رووندەکاتەوەو دەڵێ: "تاوانبارەکە لەشەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی ئەم مانگە دەچێتە ماڵی ژن و پیاوە لوبنانییەکە بە بیانووی بردنی شیرینی بۆیان چەکێکی پێشکەوتوو لە جۆری (ویزە) لەگەڵ خۆی دەبات و ھەردووکیان دەکوژێت، دوای کوشتنی ئەو دوو کەسە تاوانبارەکە ھەردووکیان دەباتە ژووری نوستنی ماڵەکە و بەھۆی سۆپای غازەوە ئاگر لە ژوورەکە بەردەدات و ھەردووکیان دەسووتێنێت بە ئامانجی شاردنەوەی تاوانەکەی، بەڵام دوای گواستنەوەی تەرمەکان بۆ پزیشکی دادوەری دەرکەوتووە ئەوانە کوژراون و پاشان سووتێنراون و لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردو توانرا بکوژەکە کە خۆی ئامادەکردووە بچێتە دەرەوەی وڵات دەستگیربکرێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی ئاشکراکرد، کە "باوکی بکوژەکە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی دەروونی و دایکی مامۆستایە. بەچەکی باوکی کە لە جۆری (ویزە) بووە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە".
بڕیارە سبەی تەرمی ئەو ژن و مێردە لوبنانیە لە رێگەی كونسوڵخانەی لوبنان لە هەولێر بگەڕێندرێتەوە وڵاتەكەیان.
رووداو
