پێنج گەڕەكی دیكەی كۆبانی ئازاد كران.. 2015 کۆبانی رزگار دەکرێت

پێنج گەڕەكی دیكەی كۆبانی ئازاد كران.. 2015 کۆبانی رزگار دەکرێت
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری) رایگەیاند، لە دوێنێوە هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان توانیویانە 5 گەڕەكی دیكەی كۆبانی رزگار بكەنەوە و 10 تیرۆریستیش بكوژن.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (شەوكەت مزووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە دوێنێوە شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی هێرشیان كردووەتە سەر داعش و توانیویانە پێنج گەڕەك ئازاد بكەن و زیانی زۆریش بە داعش بگەیەنن.

عەمید (شەوكەت) گوتیشی، لەو هێرشەی كردوویانە بۆ سەر داعش، زیاتر لە 10 تیرۆریستی دیكەی داعش كوژراون.

(مزووری) زیاتر گوتی، "داعش ورەی رووخاوە و پێشمەرگە ئارامیی بۆ نەهێشتوون و چەندین جار پیلانیان داناوە و خۆیان بۆ هێرشكردن ئامادە كردووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە زانیاری بۆ هاتووە و تۆپخانەكانمان بۆردوومانیان كردوون و پیلانەكانیان پووچەڵ كراونەتەوە و نەیانتوانیوە هێرش بكەن".

دەشڵێت، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوام رۆژانە مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن و زیانیان پێ دەگەیەنن.
(شەوكەت مزووری) ئاماژەیشی دا كە، "هەندێ جار ئامێری پێوەندیكردنی تیرۆریستانی داعش لای ئێمە وەردەگرێت و دەنگیان دەبیسترێت كە داوا دەكەن لە راكردنیاندا رێیان لێ نەگرین بۆ ئەوەی هەڵبێن كە ئەمەیش نیشانەی ئەوپەڕی بێورەییانە كە بە تەواوەتی پەرتەوازە بوون".

کۆبانی ئەو شارەی کە جەنگێکی ماڵ بە ماڵی تێدا دەکرێت، هەروا ئاسان نییە کە بڵێیت هاکە رزگارکرا، بەڵام بەهۆی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە کە بە فریای شەڕڤانان و کوردانی رۆژئاوای کوردستان گەیشتوون، دەتوانرێ بگوترێت کە رزگارکردنی یەکجارەکی کۆبانی ئەستەمیش نییە. ماڵپەڕی sputniknews نووسیویەتی کە رزگارکردنی کۆبانی لە ئەجیندای ساڵی 2015-ی کوردەکانە و، هەوڵی جیددی هەن کە بە تەواوەتی رزگار بکرێت، چونکە لە ئیستادا بەشی زۆری شارەکە کەوتووەتە دەستی هیزی پێشمەرگە.


دەربارەی هۆکاری دواکەوتنی رزگارکردنی یەکجارەکی کۆبانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە کۆبانی دەڵێت، "هۆكاری دواكەوتنی ئازادكردنی كۆبانی بە تەواوی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شەڕی ماڵ بە ماڵە، بۆیە ئازادكردنی یەكجارەكی دوا كەوتووە، بەڵام هەوڵ دەدەین لە سەرەتای ساڵی نوێدا ئەو شارە بە تەواوەتی رزگار بكەین".
Top