بەرپرسێكی پارتی: خێزانی بەرپرسانی داعش موسڵ بە جێدێڵن
سەعید مەموزینی، بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ، رایگەیاند، "بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 8 پاس لە موسڵەوە بەرەو سووریا رۆیشتوون، كە هەڵگری خێزانی بەرپرسانی داعش بوون لەو ناوچەیە، لەبەر ئەوەی ئەوان هیچ ئومێدێكیان نییە كە موسڵیان لەدەست بمێنێتەوە".
هاوكات داعش بڕیارێكی لە موسڵ دەركردووە، بە قەدەخەكردنی شوفێریكردنی ژن لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و مەموزینی سەبارەت بەو بڕیارە، گوتی، "هەر ژنێك لەو ناوچانە شوفێری بكات سزا دەدرێت لەلایەن داعشەوە و هەروەها نابێت ژن بە تەنیا سواری تەكسی بێت".
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی، داعش 25 ژنی بۆ جیهادی نیكاح لە موسڵەوە بردووە، كە چواریان رەتیانکردووەتەوە لەگەڵیان بڕۆن و لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كوژراون.
رووداو
