لاریجانی سەردانی هەرێمی كوردستان دەکات
بەپێى زانیارییەكان، سەرەتا لاریجانی لە بەغداوە لەرێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە سەردانی ئەو شارە دەکات و چاوی بە جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆككۆماری پێشووی عێراق دەکەوێت، هەر ئەمڕۆش سەردانی شاری هەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
هەرچەندە بەرنامەی سەردانەکەی لاریجانی روون نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لاریجانی لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی، چاوی بە بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەوێت، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ئەو شارە کۆببێتەوە.
هەر ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی ئێران سەردانی شاری هەولێریش دەکات و لەگەڵ د. یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە. تارق جەوهەر، راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لاریجانی لەلایەن یوسف محەممەد لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لێدەكرێت و دواتر كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدەن.
تاوەكو ئێستا دیارنییە لاریجانی لە سەردانەكەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە یان نا.
