لەم خەلافەتەى داعش هەموو كارێكی ناشیرین و دڕندانە دەرەهەق بە ئافرەت دەكرێت

لەم خەلافەتەى داعش هەموو كارێكی ناشیرین و دڕندانە دەرەهەق بە ئافرەت دەكرێت
لە راپۆرتێكی گۆڤاری گوڵاندا كە خاتوو سەفیە سوهێلیش بەشداربوو رایگەیاند كە : ئەو جوگرافیایەی داعش خەلافەتەكەی تێدا راگەیاندووە، رووبەرەكەی لە دەوڵەتی ئەردەن گەورەترە، لەم خەلافەتەدا هەموو كارێكی ناشیرین و دڕندانە دەرەهەق بە ئافرەت دەكرێت، كە ئەویش جیهادی نیكاحە، ئەمە نەك هەر بەرامبەر ئەو ئافرەتانەی كە وەك دەستكەوتی شەڕ دەكەوێتە بەردەستیان، بەڵكو ئێستا ئەو ژنانەی سەر بە داعشن لە زۆربەی شوێنەكانی جیهان وەك (هەموو وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپا، چین و ئەمریكا)، هانی كچان و ژنانی تەمەن 18-25 دەدەن كە بۆ جیهادی نیكاح پەیوەندی بە داعشەوە بكەن، ئەو ژن و كچانە هەموویان لە فیرقەیەكدا بەناوی فیرقەی خەنسا كۆكراونەتەوە، لەمەش زیاتر تیرۆریستانی داعش بۆ ئەوەی ببنە جێگەی متمانەی ئەمیرەكانی داعش خوشك و كچەكانیان لە تیرۆریستانی داعش مارە دەكەن.

خاتوو سەفیە هەروەها گوتی: ئەو ئافرەتانەی كە لە شەڕەكاندا كەتوونەتە بەردەستیان و پاشان كراون بە كۆیلە، بە 100 هەزار دیناری عێراقی كە دەكاتە 80 دۆلار فرۆشراون، كە لە هەموو نەتەوەكانی تێدا بووە، وەك: (كوردی ئێزیدی و شەبەك، كریستیان، توركمان، هەروەها عەرەبی شیعەش).

شایانی باسە سەفیە هەروەها گوتی: هێرشەكانی داعش بۆسەر ئەو شوێنانەی داگیری كردوون، بۆتە هۆكاری ئەوەی نزیكەی دوو ملێۆن خەڵك ئاوارە بن و ئەو خەڵكەی ئاوارە بوون نەیانتوانیوە هیچ شتێك لەگەڵ خۆیان بەرن، تەنانەت ئەڵقەی پەنجەیان و مۆبایل و خشڵ و زێڕەكانیان لەلایەن داعشەوە بە تاڵان براوە. بۆیە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پارستنی ئەو ئاوارانە پشتگیری تەواوی سوپای كوردستان و سوپای عێراق بكات، هەروەها بە پەلە دەوڵەتانی بەخشەر كۆنفرانسێك لەسەر ئەم پرسە گرێبدەن بۆ ئەوەی هاوكاری پێویست بۆ ئاوارەكان بنێرن.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (1006)
Top