سەرۆك مسعود بارزانی پێشمەرگەیە و جەنگاوەرێكی مەزنە، پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مەزنەتان لێدەكەم
ئەمازیا بارام هەروەها گوتى: داعش هەر تەنها دوژمنی كورد نییە، بەڵكو دوژمنی شیعەشە، هەروەها دوژمنی ژمارەیەكی زۆری سوننەكانیشە و دوژمنی زۆرینەی سوننە عەرەبەكانی عێراقیشە. هەروەها داعش دوژمنی شارستانییەتە، هەروەك دەبینین دوژمنی شارستانییەتی هاوچەرخە، بە دڵنیاییەوە تەفسیری ئەوان بۆ ئیسلام تەفسیرێكی زۆر رادیكاڵە و لە بنەڕەتدا شەڕكردنی ئێوە لە دژی داعش یارمەتیدەرە بۆ خەڵكانێكی زۆر، ئەوان جێی سەرسامی جیهانی ئیسلامی نەدەبوون ئەگەر سەركەوتوو نەبوونایە، هەندێ جار سەركەوتن سەرنجی خەڵك رادەكێشێت، ئەو كاتە زۆرینەی جیهانی ئیسلامی دەڵێن: زۆر سوپاس ئێمە نامانەوێت لەگەڵ داعشدا بین. لەبەر ئەوە من دەڵێم ئەوەی بارزانی دەیڵێت، راستە، ئەوان دوژمنی كورد و دوژمنی زۆرینەی موسڵمانانن، كەواتە من سەد دەر سەد لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە ئەوەی ئێوە دەیكەن گرنگە.
شایانی باسە بارام هەروەها گوتى: پێویستە دوو جۆر چەك بدرێت بە پێشمەرگە، كە ئێستا یان نییانە، یاخود ئەگەر هەیانبێت زۆر كەمە، لە ئێستادا رۆكێتی دژەتانكی زۆر پێشكەوتوو هەیە و زۆر كاریگەرن، پێویستە پێشمەرگە دژەتانكی وایان پێ بدرێت، بە دڵنیاییەوە تۆپ و هاوەنی قورسیشیان پێویستە، لەبەر ئەوەی زۆر بە ئاسانی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگوازرێتەوە و كێشیان زۆر نییە و هەروەها زۆر كاریگەریشن، هیودارام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادە بێت ئەم چەكانەیان پێ بدات، ئەگەرچی نازانم ئایا ئامادەیە، یان نا، بەڵام جەخت لەوە دەكەمەوە كە پێویستە ئێوە ئەو چەكە مۆدێرنانەتان پێ بدرێت بۆ ئەوەی لە دژی ئەو چەكانە بەكاری بهێنن كە داعش بەكاری دەهێنن و ئێوە دەتوانن تێكیانبشكێنن. هەمیشە ئەو پرسیارە لە حكومەتی بەغدا دەكرێت كە ئەگەر ئەمریكییەكان چەكێكی زۆری پێشكەوتوو بدەنە پێشمەرگە، ئەوا رەنگە هەوڵ بدەن رێگری لێ بكەن.
لە كۆتایی دیدارەكەیادا پڕۆفیسۆر ئەمازیا گوتی: دەبێت زۆر بە روونی بە بەغدا بڵێن كە ئێوە رێگەنادەن بەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رەوانەی ناوچە كوردیەكان بكرێت، واتە دەتوانن بە بەغدا بڵێن: زۆر سوپاس، ئێمە سوپای نیشتمانی عێراقمان لە كوردستان ناوێت، لەبەر ئەوەی ئێوەی كورد باشتر لە سوپای نیشتمانی عێراق بەرەنگاری داعش بوونەوە. لەبەر ئەوە ئێوە پێویستتان بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نابێـت لە ناوچە كوردییەكان، بە هیچ شێوەیەك، پێموایە سوننەكانیش بە بەغدایان راگەیاندووە كە ئەوەیان لە ناوچە سوننییەكەدا ناوێت، دەكرێت سوپای نیشتمانی عێراق قبووڵ بكەن، بەڵام نەك میلیشیاكان. من نازانم چۆن حكومەتی بەغدا میلیشیای شیعە دەنێرێت بۆ ناوچە كوردییەكە؟ دەبێت هۆشدارییان پێ بدرێت و ئاگادار بكرێنەوە كە رێگە بە ناردنی هیچ میلیشیایەكی شیعەكان نادرێت بۆ ناوچە كوردییەكان، تەنانەت بۆ كەركووكیش، چونكە ئەوان دەزانن كە ئێستا ئێوە زۆربەی ناوچەی كەركووكتان كۆنتڕۆڵ كردووە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1006)
