سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە چوار كۆمەڵگەی پیشەیی گەورە بۆ خوێندنی پیشەیی دروست بكرێت

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە چوار كۆمەڵگەی پیشەیی گەورە بۆ خوێندنی پیشەیی دروست بكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوتى: ستراتیژیەت و فەلسەفەی وەزارەتی پەروەردەی كوردستان بریتییە لە دروستكردن و بەرهەمهێنانی نەوەیەك كە بڕوا و متمانەی بەخۆی هەبێت و كەسایەتی بەهێز بێت و بڕوای بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و لێبوردەیی و یەكتری قبووڵكردن هەبێت، بڕوای بە ئازادی و مافە مەدەنییەكان هەبێت و ئینتمایەكی گەورەی بۆ كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە تاكێكی سوودبەخش بۆ كوردستان و ئەو نەوەیە بێت كە شایستەی ئەوە بێت بەرپرسیاریەتی ئایندەی كوردستان بگرێتەدەست، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ستراتیژیەت و فەلسەفەیە پێویستی بە ژێرخانێكی پەروەردەیی هەیە، دروستكردنی ئەم ژیرخانە كە زۆر لایەن دەگرێتەوە و پەروەردە رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕێت، پێویستی بە یاسا و هەماهەنگیی نێوان ژمارەیەك لە وەزارەتەكان هەیە، هەروەها پێویستی بە هاریكاری میدیا و پیاوانی ئایینی و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بناخەی هەموو گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە بە گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە لە خوێندن و پەروەردەكردنەوە دەست پێدەكات، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردنی ژێرخانێكی پەروەردەیی كردۆتە ئەولەوییەتی كارەكانی و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دراوە.


هەروەها د. پشتیوان گوتی: ستراتیژیەتی پەروەردە هەمەلایەنە، بۆیە خاڵی یەكەم كە باسمان كرد، مەسەلەی ژێرخانی پەروەردەیی بوو، ئەمەش واتە تەوەری سەرەكی لەم باسەدا قوتابییە و بۆ ئەوەی بتوانین قوتابی بە باشی پەروەردە بكەین، دەبێت پێش هەموو شت ژینگەی باشی بۆ دروست بكەین، دوای ئەمە دەبێت هۆیەكانی فێركردن وەك تاقیگەی سەردەمییانە و داتاشۆ و پێداویستییەكانی دیكەیان بۆ دابین بكەین، هاوكات زۆر گرنگە بۆ مامۆستایان بەردەوام خولی راهێنان و فێركردن بە شێواز و زانیاری نوێ هەبێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان لە گۆڕانكارییە تازە و خێراكانی جیهان دانەبڕێن، راشكاوانەتر بۆ ئەوەی مامۆستایانی كوردستان لە رووی زانستی و هونەری فێركردن و پەروەردییەوە لە ئاستی ئێستای گۆڕانكارییەكان بن، هەروەها گرنگە بەردەوام پڕۆگرامەكان گۆڕانكاری تێدا بكرێت. ئێمە لە كوردستان پڕۆگرامێكی پەروەردەیی باشمان هەیە، بەڵام ئەم پڕۆگرامە دەبێت بەردەوام بەپێی گۆڕانكارییەكان وەرچەرخانی بەسەردا بێت و هاوشان لەگەڵ گۆڕانكارییەكان پێش بكەویت، بۆیە لەم لایەنەوە بڕیارمان داوە بەردەوام بە میتودی خۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی بەردەوام نوێكردنەوە هەبێت و بە شێوەیەكیش بنووسرێتەوە كە قوتابی بە باشی تێبگات.

شایانی باسە پشتیوان سادق گوتی: ئێمە لە قۆناخێكی وەرچەرخانی گەورەی پەرەپێدانی بەردەوامداین و فەلسەفەی ئابووریی ئێمە، ئابووری بازاڕە، یان ئەوەی پێی دەڵێن: «ئابووری ئازاد»، لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن گرێبدرێتەوە بە پێداویستیی بازاڕی كارەوە، بۆ ئەمەش بیرمان لەوە كردۆتەوە چوار كۆمەڵگەی پێشەیی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی كادری مامناوەندی لە بوارەكانی بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتیاری، كەرتی نەوت و پیشەسازی و...هتد لە كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەمەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر ئەوە داوە كە ئەو چوار كۆمەڵگەیە بۆ خوێندنی پێشەیی دروست بكرێت، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بە ئیمكانییەتی حكومەت و كۆتایی هاتنی ئەو قەیرانە داراییەی كە لە كوردستان هەبوو، كە لە ئێستا خەریكە ئەو قەیرانە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، بۆیە ئومێد زۆرە لە ئایندەیەكی نزیك ئەو پڕۆژانە دەستیان پێبكرێت.


لە كۆتاییدا سادق گوتی: وەزارەتی پەروەردە گەورەترین وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و 180 هەزار مامۆستاو فەرمانبەری هەیە، هەروەها خزمەتگوزاریی خوێندن و پەروەردەییش پێشكەشی 1.7 ملیۆن قوتابی دەكات، هەڵسووڕانی ئەم قەوارەیە پێویستی بە ئیمكانیەتێكی ماددی زۆر گەورە هەیە، هەروەها پێویستیشی بە شێوازێكی كارگێڕی چالاكیش هەیە، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لەسەر ئاستی قوتابخانەكانی كوردستان و لە شێوازی بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دەدەین، واتە بڕیارمان داوە بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان دەسەڵاتێكی لامەركەزییان پێبدرێت لە رووی كارگێڕی و داراییەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بمانەوێت ستراتیژیەتی پەروەردەییمان بەسەركەتوویی جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەبێت قوتابخانەكان بە باشی بەڕێوەببرێن، هەروەها بەڕێوەبەرەكانیش دەبێت ئەو مامۆستا لێهاتووانە بن كە دەتوانن شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1006)
Top