نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە
ئهمهش دهقی لێدوانه رۆژنامهوانییهكهیه:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیێندراوێكدا كە لە ڕێكەوتی 18ـی 12ـی 2014 بڵاوكراوەتەوە باسی ئەوەی كردووە كە سەبارەت بە دروستبوون و جموجۆڵ و هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش بەر لە كەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی ڕابردوو سەرۆك بارزانی بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق نەكردووە.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقی لە مەترسیی دروستبوونی داعش و هەڕەشە و جموجوڵەكانیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەهۆی ئۆپڕاسیۆنێكی هاوبەش یارمەتیی هێزەكانی عێراق بدات بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەشە و بەهێزبوونی تیرۆریستان لەو ناوچەیەدا بگیرێت. بەڵام سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەم ئاگاداركردنەوە و پێشنیارەی سەرۆك بارزانی بە هەند وەرنەگرت و گوێی لێ نەگرت. بەڕێز سەید عەمار حەكیم و د. ڕۆژ نوری شاوێز جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و باڵیۆزی ئەو كاتی ئەمەریكا لە عێراق شاهیدی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی لەڕێی ئەوانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەو مەترسیە ئاگادار كردووەتەوە.
سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە كەوتنی موسڵ و شكستی سوپای عێراق بەرپرسیارە و ناتوانێ بەمجۆرە لێدوان و ڕاگەیاندراوانە شكست و بەرپرسیارێتیی خۆی دابپۆشێت. لەو ماوەیە هەرچی نەهامەتی و ناسەقامگیری و قەیران كە بەسەر خەڵكی عێراق هاتووە و هەروەها شكستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی عێراق ئەوە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دەورووبەرەكەی لێی بەرپرسیارە.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆك
20-12-2014
