ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم کوژرانی جێگرێکی ئەبوبەکر بەغدادی پشتڕاست دەکاتەوە

ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم کوژرانی جێگرێکی ئەبوبەکر بەغدادی پشتڕاست دەکاتەوە
لە درێژەی ئەو گورزە کوشندانەی لە لایەن ھێزی پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانانەوە بەر تیرۆریستانی داعش دەکەوێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، کوژرانی جێگری ئەبوبەکر بەغدادی بۆ کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای داعش پشتراست دەکاتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له راگەیەندراوێکدا که بۆ پەیامنێر نێردراوه، ئاشکرای کرد: گەورە تیرۆریست "شیھاب ئەحمەد حەسەن ئەللھێبی" ناسراو بە "ئەبوو سەعد" کە جێگری تیرۆریست "ئەبوبەکر بەغدادی" بۆ سەرپەرشتی کاروباری سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو ، لە رێکەوتی ١٧/١٢/٢٠١٤، لە ساحل ئەیسەری شاری موسڵ، گەڕەکی کیفائات بەرامبەر مونتەزە کەندی، لە ھێرشێکی ئاسمانیدا لەگەڵ تیرۆریستێکی پایە بەرزی دیکە بە ناوی "فەتحی" ناسراو بە "ئەبوو عەبدوڵڵا" کوژران.

له راگەیەندراوەکەدا هاتووه: شیھاب ئەللھێبی، ناسراو بە ئەبو سەعد، سەر بە عەشیرەتی لھێبییە، ناوبراو دوای رووخانی رژێمی بەعس پەیوەندی بە گروپی ئەلقاعیدە دەکات و لەناو ئەو گروپە بە ئەبو قەتتادە ناسراو بووە. ماوەیەک لە بەندیخانەی بوکا زیندانی کراوە و دوای ئازادکردنی بوو بە بەرپرسی سەربازیی ئەلقاعیدە لە پارێزگای سەلاحەددین. دوای ئەوە دەستگیر دەکرێتەوە و لە ئەبو غرێب بەند دەکرێت و ھەر دوای ماوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک تیرۆریست لە زیندان رادەکەن.

ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووه: دوای سەرھەڵدانی داعش ناوبراو پەیوەندی بە داعش دەکات و دەکرێت بە بەرپرسی کردارە تیرۆریستییەکانی ناو موسڵ. دوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە دەکرێت بە بەرپرسی گشتیی ئەمنی موسڵ. ناوبراو راستەوخۆ سەرپەرشتیی تیرۆری سەدان کەسی لەناو موسڵ کردووە، ھەروەھا راستەوخۆ دەستی لە شەھیدکردنی ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی ھەبووە، ژمارەیەکی زۆر لە برا شیعەکانی پارێزگای موسڵ لە شەبەک و تورکمان، بە دەستی خۆی لەناو بردراون. ھەردوو مەزارگەی نەبی یونس و نەبی شیث بە سەرپەرشتی ئەم تیرۆریستە تەقێندرانەوە.


ئەنجوومەنی ئاسایش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم تیرۆریستە و ھاورێکەی لە میانەی بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناو موسڵ کوژراون و وێنەی خۆی و کاتی لێدانەکەی بڵاو دەکەینەوە.






ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

١٩/١٢/٢٠١٤
Top