گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرپا کراوە.. مەسروور بارزانی: 700 كم چوارگۆشە خاكی كوردستان ئازاد كرا

گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرپا کراوە.. مەسروور بارزانی: 700 كم چوارگۆشە خاكی كوردستان ئازاد كرا
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) لە پرێسكۆنفڕانسێكدا رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەییشتە سەر چیای شنگال و (سەرۆك بارزانی) سەرپەرشتیی گشت ئۆپەراسیۆنەكان دەكات.

لەو پرێسكۆنفڕانسەی ئەم ئێوارەیەیدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، رۆشنایی خستە سەر ئۆپۆراسیۆنەكەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی زوممار و شنگال، كە گورزی گەورەیان لە تیرۆریستانی داعش داوە و، پێشمەرگەش گەیشتە سەر چیای شنگال.
(مەسروور بارزانی)، راشیگەیاند كە، چیتر تیرۆریستان ناتوانن رووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە، هەروەها گوتیشی كە، حكوومەتی عێراق لە ناوچەكە هاوكاری هێزی پێشمەرگەی نەكردووە.
وەك باسی كرد كە، پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و، سەركەوتنی گەورەتریش بە دەست دەهێنێت، دەشڵێت، من دەمەوێ ئەوە بڵێم ئۆپۆراسیۆنەكە كە دەستی پێ كرد و نیو سەعات بەر لە ئێستا تەواو بوو، توانرا 700 كم چوارگۆشە خاكی كوردستان لە ژێر دەستی داعش ئازاد بكرێت، پێشتر كە ئەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوو و ئێستایش پێشمەرگە ئازادی كردنەوە.
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، گوتیشی ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنێكە كە پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دابێت و سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە كە تا ئێستا لە سووریا و عێراق سەركەوتنی گەورەی وا بە دەست نەهێنراوە كە ئەمڕۆ پێشمەرگە بە دەستی هێنا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، پیرۆزبایی لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان كرد و سوپاسی هاوپەیمانانی كرد كە، لە رێگەی ئاسمانییەوە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە بوون.
پێوەست بە رۆژنامە بیانەییەكانیش كە ئامادەی كۆنفڕانسەكە بوون، (مەسروور بارزانی) رایگەیاند، سەری ساڵ نزیك بووەتەوە و لە بری ئەوەی جەژنی سەری ساڵ بگێڕن، لێرە ئامادە بوون، بۆیە جێگەی سوپاسن كە هەواڵەكان بە جیهان دەگەیەنن؛ هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر ئۆپەراسیۆنەكە و گوتی، ئۆپۆراسیۆنەكە زۆر گرینگە لە رووی جیۆگرافییەوە و ناوچەیەكی زۆر ئازاد كراوە و لە رووی سەربازیشەوە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییە كە تا ئێستا كرابێتە سەر داعش. لە ڕووی سایكۆلۆژییشەوە ورەی داعش رووخاوە و، ئێستا پێشمەرگە لە بری جیهان شەڕ دەكات.
پێوەست بە گەیشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال، (مەسروور بارزانی) گوتی، "ئێستا پێشمەرگە لەسەر چیای شنگالە و ئامانجی ئێمەش گەیشتنی پێشمەرگە بوو بۆ سەر چیای شنگال، تا ئەو خەڵكەی لەوێ ماوون بە ئارەزووی خۆیان لەو شوێنانەی دەیانەوێ نیشتەجێ بكرێن."
گوتیشی، گەیشتنی پێشمەرگە بە چیای شنگال ورەی دووژمنی روخاندووە.
دەربارەی مووسڵیش، (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، "بە تەنیا بەشداری شەڕی مووسڵ ناكەین، ئەمە پێویستی بە هاوكاریی عێراقە و پێشمەرگە تا ئەو شوێنە دەچێت كە خاكی كوردستانە."

چەكی قورسیش یەکێک لەو پرسانە بوو کە (مەسروور بارزانی) قسەی لەبارەوە کرد و دووپاتی كردەوە، "وەك پێویست چەكی قورس نەگەیشتووەتە دەستی پێشمەرگە، ئەو چەكەی هاتوون مامناوەندی و تەقەمەنی بوون و، هەندێ رۆكێت و درعی ئەڵمانیاییش گەیشتوون، بەداخەوە دەیڵێم كە داوامان لە حكوومەتی عێراق كرد بەر لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە بۆ ئەوەی چەكمان بۆ بنێرێت، بەڵام چەكی بۆ نەناردین و ئەو چەكانەش هەمووی چەكی پێشمەرگەو ئەو چەكانە بوون كە هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگەی ناردوون."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (مەسروور بارزانی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، چیای شنگال لەلایەن 2 هەزار پێشمەرگە پارێزگاری لێ كراوە و پێشمەرگە رێی لە كۆمەڵێك هیرشی داعش كرد، راستە نێو شاری شنگال لەلایەن داعشەوە داگیر كراوە، بەڵام ئێستا مەمەڕێك كراوەتەوە بۆ ئەو خەڵكەی لە سەر چیا مابوون، ئەو خەڵكە دەتوانن بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان.
(مەسروور بارزانی) موژدەیشی دا كە، "بستێك لە خاكی كوردستان لە چنگی داعش ناهێڵین و هەمووی رزگار دەكەین و بەرنامەی دیكەشمان هەیە بۆ ئازادكردنی تەواوی خاكی كوردستان."
Top