لە ئامەد ئاڵای کوردستان هەڵكرا
رۆژی 17 ی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک رۆژی ئاڵا دەستنیشانکراوە، بەڵام ئەم یادکردنەوەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پەسندکراوە، ئەمڕۆش لە ئامەد کۆمەڵەی جوڵانەوەی گەنجان پارتی ماف و ئازادییەکان HAK- PAR، KADEP، PAK و گرووپی گفتوگۆی دیجلە و فورات و گەنجانی نەتەوەخوازی کوردستان رێڕۆییشتنێکیان ئەنجامدا و ئاڵایان بەسەر ئەندامانی خۆیان و هاونیشتیمانیان دابەشکرد.
رێکخەرانی رێڕۆیشتنەکە لەنێو چاودێری و رێککاری تووندنی پۆلیسی تورک رەنگەکانی ئاڵای کوردستان و ماناکانیان خستنەڕوو و گوتیان: "وەک چۆن ئێمە رێز لە بەها نەتەوەییەکانی گەلانی دیکە دەگرین، چاوەڕێ دەکەین ئەوانیش بە هەمانشێوە رێز لە ئاڵای کوردستان بگرن".
رۆگەر چاغەر، یاریدەدەری کۆمەڵەی جوڵانەوەی گەنجانی ئامەد گوتی: "هەر کەسێک هەبێت، ئاماژەی بوونەکەی ئاڵایە، ئاڵا لە کوێ بشەکێتەوە ئاماژەی بوونی دەسەڵات و تواناییە، کە خوودی خۆی ئاماژەی سەربەخۆییشە، پێویستە ئێمە وەک وڵاتێکی داگیرکراو لە هەموو خەڵک و نەتەوەکانی دیکە زیاتر خاوەنداری لە بەها نەتەوەییەکانمان بکەین".
رووداو
