لەڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی دایکانی کورد
ئەمڕۆ، لە هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاواز و بە جۆش و خرۆشەوە هەمومان لەبەردەم ئاڵای کوردستاندا دەوەستین و پەیمانی پارێزگارییکردن لە خاک و نیشتیمان لە ژێر ئەو ئاڵایەدا دوپاتدەکەینەوە. لەم ساتەدا کە ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، پێشمەرگە قارەمانەکانمان بە گیانێکی بەرزی نیشتیمانیی و بە ورەیەکی بەرزەوە لە هەرێمی کوردستان و خۆرئاوا پارێزگاریی لە خاکی کوردستان دەکەن دژ بە تیرۆرستان.
پێش ئێمە، ئاڵای کوردستان، پێشەوا قازی موحەمەدی نەمر لە کۆماری کوردستان هەڵیکرد و سەرکردە و پێشمەرگە و هاوڵاتیانی تری پارچەکانی کوردستان بە دڵێکی پڕ لە ئومێدەوە چاویان لە کازیوە و گەشانەوەی ئاڵا بەرزەکەی کۆماری کوردستان بوو، هەرچەندە کۆمارەکە زوو لەناو برا، بەڵام ئاڵای کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ کەڵەگەتتر دەبوو.!
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئاڵای کوردستان بووەتە سیمبوڵ و دروشمێکی گەورە و ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە پۆل پۆل گیانی خۆیان دەبەخشنە بڵندبوونی ئاڵا و ئازادی کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە لە کاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە کە ئەو سنوورانەی پێشتر کوردستانیان پارچە پارچە کردبوو، ئێستا کاڵ کاڵ دەبنەوە وهەستی نیشتمانی کوردستانیان لە هەر شوێنێک بن زیاتر و زیاتر پێکەوە گرێ دەدرێن.
دایکانی کوردستانیش، جیا لە دایکانی تر. ئەمڕۆ بوونەتە ناسنامەی میهرەبانی نیشتمان،لەمێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیماندا، هەمیشە دایکان سیمبوڵی بەخشندەیی بوون، لە پەروەدەکردنی ڕۆڵەکانیان، دایکانی ئێمە خاوەنی چەندین داستان و چیرۆکی نەبەردانەن، بەتایبەتیش ئەوان شەرەفی ئەوەیان پێدەبڕێت بە (دایکی شەهید) ناوببرێن. شەرەفێکی تریش بۆ دایکانی کورد ئەوەیە کە ڕۆژی ئەوان لەگەڵ ڕۆژی ئاڵای کوردستان دانراوە.
دووبارە پیرۆزە ڕۆژی ئاڵای کوردستان، پیرۆزە ڕۆژی دایکانی کورد، سڵاو بۆ دایکانی بە ئارام و میهرەبانی کورد، کە مەدالیای دایکی شەهید و دایکی کوردستانیان پێبەخشرا.
