هێرشی پێشمەرگە لە سنووری شنگال دەستیپێكرد

 هێرشی پێشمەرگە لە سنووری شنگال دەستیپێكرد
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان بۆ سەر چەكدارانی داعش لە سنووری شنگال دەستپێكرد و پێشڕەوی پێشمەرگە لەسێ میحوەرەوە دەستیپێكردووە.

پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو لە سنوورەكە رایانگەیاند كە لە دوێنێ شەوەوە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە خەستی بۆردوومانی چەكدارانی داعشیان لە سنوورەكە كردووەو ئەمڕۆ بەیانیش هێرشی زەوینی پێشمەرگە دەستیپێكرد.

هەروەها بەپێی سەچاوەیەكی مەیدانی لە ناوچەكەوە، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند ، لە بەیانییەوە پێشڕەوی پێشمەرگە لە هەرسێ میحوەری حوگنە و كارێز و كوبانكێ دەستیپێكردووە .

هەروەها زیاتر لە سەرچاوەیەكی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە لە بەنداوی موسڵ و زووممار بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند "لە كاژێر 7ی بەیانییەوە دەستمان بە جووڵە كردووە و لە سێ قۆڵەوە پێشڕەوییمان دەستپێكردووە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی رووداو، پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و ئێستا شەڕێكی سەخت لەنێوان پێشمەرگە و داعشدا هەیە . بەڵام بەپێی لێدوانی فەرماندەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكە ، پێشمەرگە بەپێی پلانێكی سەربازیی ، هەموو رێوشوێنێكیان داناوە بۆ سەركەوتن لەو شەڕەدا.









رووداو
Top