سبەی رۆژی ئاڵای کوردستانە

سبەی رۆژی ئاڵای کوردستانە
١٧/١٢ی ھەموو ساڵێک بەپێی بریاری پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان کە سبەی ئەو یادەیە.



سبەی لە ھەرێمی کوردستان رۆژی ئاڵای کوردستانەو بەپێ زانیارییەکان لە پەرلەمانی کوردستان و لە سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئاڵای کوردستان تا نیوەی دادەگیرێت و پاشانیش بەرز دەکرێتەوە.

ھەروەھا ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەنیازی ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆرن بەو بۆنەیەوە.

ئاڵای کوردستان چوار ڕەنگەیەو بەپێی مێژووی خۆی نەتەوەی کورد ژمارەیەک ئاڵای لە حکومەت و میرنشین و شۆڕشەکاندا ھەبووە. تا سەرەنجام لەو ساڵی ٢٠٠٩ ھەرێمی کوردستان بە پێی یاسای ژمارە ١١ بووە خاوەنی ئاڵای یاسایی کە لە چوار ڕەنگی سەرەکی پێک دێت ئەوانیش ١-سوور ٢- سپی - ٣- سەوز، لە ناوەڕاستە ئاڵاکەشدا خۆرێکی زەرد ھەیە کە دەکەوێتە سەر ڕەنگە سپییەکە بەپێی یاسای ئاڵای کوردستان دەبێت تیشکەکانی ئەو خۆرە زەردە لە سەرەوەو خوارەوەشدا تاوەکو نیوەی ڕەنگە سوورو سەوزەکە بڕوات کە ٢١ تیشکی لێوە دەردەچێت.

ھەرچی شیکاری ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانیشە بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە پێناسە کراوە:
ڕەنگی سوور نیشانەی خوێنی شەھیدانە کە لەپێناوی ئازادی کوردستان رشتوویانە.
ڕەنگە سپی نیشانەی ئاشتەوایی و بەیەکەوە ژیانی نەتەوەو ئاینە جیاوازەکانی کوردستانە
ڕەنگی سەوز نیشانەی ئاوەدانی و گەشەسەندنەوەی کوردستانە دوای ئەو کاولکاریانەی بەسەریدا ھاتوون.
ئەو خۆرەیشی لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدایە ڕەنگی زەردەو ٢١ تیشکەکەیشی ئاماژەی دەستپێکی نەورۆزە لە ٢١ی ئاداردا.
Top