حكومەتی عێراق و هەرێم لیژنەیەك بۆ یەكلایی كردنەوەی مافە داراییەكانی هەرێم لای بەغدا پێكدەهێنن
ئامانج رەحیم بە راگەیاند، لەچوار چیوەی ئەو لیژنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێكدەهێندرێ بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لیژنەیەك كار بۆ یەكلایی كردنەوەو ساخكردنەوەی ماف و كێشە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكا.
هەروەها گوتی، لە دوای ساڵی 2003ـەوە حكومەتی هەرێم باس لەوە دەكا كە كۆمەڵێك مافی دارایی لای حكومەتی عێراقەو بە حكومەتی هەرێمی كوردستانی نەداوە، حكومەتی عێراقیش دەڵێ كۆمەڵێك پارە هەیە هەرێم بە بەغدای نەداوە، لەم چوارچیوەیەدا حكومەتی عێراق و هەرێم بڕیاریانداوە ئەو كێشەیە بێتە چارەسەركردن.
راشیگەیاند، چارەسەركردنەكەش بەم شێوەیە دەبێ كە لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2015 بڕگەیەك دانراوە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا كە هەردوو سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم سەرۆكایەتی دەكەن و كۆدەبنەوەو هەر مافە داراییەكی حكومەتی هەرێم لای بەغدا بێ دەبێ بیگەڕێنێتەوەو بە پێچەوانەشەوە.
