نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتۆتە ئەو راستییەی داعش هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە نییە

نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتۆتە ئەو راستییەی داعش هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە نییە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پاتریشیا لویس بەڕێوەبەری دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ئامۆژگای چاتام هاوس بۆ گوتى: لە دوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001ـەوە، تیرۆریزم بە گەورەترین هەڕەشەی ئەمنی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قەڵەم درا. هەروەها وڵاتانی دیكەش لە نێویاندا بەریتانیا لە سەرووی لیستی هەڕەشە راستەقینەكانەوە دایدەنێت. لە كاتێكدا ئەمە مایەی تێگەیشتنە، بەڵام جەختكردنەوەی زیاد لە پێویست و كاردانەوەی زیاد لە پێویست لە ئاست تیرۆریزمدا مەترسیدارە. چونكە رەنگە لە دەرئەنجامی بایەخی پێویست نەدرابێت بە هەڕەشە گەورەكانی دیكە، وەك شەڕی نێودەوڵەتیەكان و شەڕی نێوان دەوڵەتەكان، هێرشەكانی ئەنتەرنێت (cyber attacks) سیستمی چەكەكان و تاوانی رێكخراو. هەر بۆیە ئاسایشی نێودەوڵەتی پێویستی بە ستراتیژیەتێكی هەمەلایەنی هاوكاری ئامێزە كە دەبێت لەسەر ئاستی جیهانی، ناوچەیی و نەتەوەیی بایەخی پێ بدرێت، هەروەها لەلایەن سەرجەم بەشەكانی حكومەتەوە، كە هەم هێزی نەرم و هێزی زبریش لەو بوارەدا بخرێنەگەڕ. هاوكاری هەمەلایەن لەبارەی چەند تەحەددییەكی ئاڵۆزەوە كە ئێمە ئێستا رووبەڕوویان بووینەتەوە، دەبێت هاوكارییەكی گشتگیر و عەمەلی بێت.


هەروەها پاتریشیا لویس گوتی: تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەكی وردی تیرۆریزم بكرێت كە بەلای هەموو وڵاتانەوە مایەی قبووڵكردن بێت، رەنگە ئەم كارە دەرئەنجامی پێچەوانەشی لێبكەوێتەوە، لەو رووەوە كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی مەودای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بەرپەرچدانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. نەتەوە یەكگرتوووەكان وەك پرسێك پەیوەست بە سیاسەتی سەركردایەتی/ لە ئاستی هاوكارییەوە ئیدارەی تیرۆریزم دەكات، ئەویش لە رێی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە لە 1373 و 1624 كە ئەویش بە چاودێری كۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە. ئەمانە بڕیارگەلێكن كە هێزی جێبەجێكردنیان هەیە، چونكە بە گوێرەی فەسڵی حەوت دەرچوونە و دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتوووەكانیش پابەندن بەوەی ملكەچی ئەحكامەكانی بن. نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵێكی گرنگی هەیە لە بنیاتنانی كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سەرتاسەری جیهاندا، بەتایبەتی لە رێی ئەو رێككەوتنانەی لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دێنەئاراوە. ئەنجامدانی چاكسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا كارێكی دژوارە و لە سایەی ئەو كەشە سیاسییەی ئێستا باڵادەستە كارێكی كردەنی نییە كە دەوڵەتە ئەندامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بتوانن رێكبكەون لەسەر ئەوەی كە بناغەی نوێ بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی پێناسە بكەن. شێوازەكانی ئەم دواییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و توندوتیژی هەنگاوێكن بە ئاڕاستەی راستدا، بەڵام دەبێت كاری زیاتر بكرێت.

شایانی باسە لویس گوتی: لە روانگەی رۆژئاواوە دەكرێت ئەوەی لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات بە شەڕی ئایینی ناو نەبرێت، بەڵكو شەڕی نێوان ئەوانەی خوازیاری مۆدێرنە و حوكمڕانییەكی هەمەلایەنەن لەگەڵ ئەوانەی دەیانەوێت سیستمێكی دیكتاتۆری و تەنانەت فیوداڵی دروست بكەن. بڕیارەكەی باراك ئۆباما و سەرۆكەكانی دیكەی وڵات و حكومەتەكان بەوەی هێرشی سەربازی نەكەنە سەر ئەسەد، وەك بەشێك لە ستراتیژیی ئێستای دژ بە داعش بڕیارێكی ئاڵۆزە، میراتی دەستێوەردانی سەربازی لە رابردوودا، لە نێویاندا ئەفغانستان و عێراق و لیبیا سەركەوتوو نەبوون، بەو شێوەیەی كە پشتیوانەكانی ئەو دەستێوەردانانە هیوایان بۆ دەخواست.

لە درێژەی قسەكانیدا پاتریشیا گوتی: دەوڵەتی ئیسلامی هاوپەیمانی ئیسلامییە سەرسەختەكان و تیرۆریستە نێودەوڵەتییەكان و بەعسیە كۆنەكانە، هەروەها میلیشیا میانڕەوەكانی پێشووی سوننەی تێدایە، تەنانەت ئەوانەشی كە پێشتر مووچەیان لە ئەمریكا وەردەگرت لە شەڕیاندا دژ بە ئەلقاعیدە لە عێراقدا. پێویستە رۆژئاوا و ئەمریكا هەموو كارێك بكەن لە ئایندەدا بۆ ئەوەی ناكۆكی مێژوویی نێوان سوننە و شیعەكان ئاڵۆزتر نەكەن. گرنگە رۆژئاوا پشتیوانی لە هەموو ئەو نەتەوە و خەڵكانە بكەن كە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دەكەن و بە شێوەیەك ئەم كارە دەكەن كە یارمەتیدەر بێت بۆ هێنانەدی ئاشتییەكی درێژخایەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1005)
Top