ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پەرلەمانتاران و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش
ئەمرۆ ئەندامانی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیان کرد لە ئۆفیسی سەرەکی، ئامانج لەسەردانەکە تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی ئەمنی بوو.
ئەندامی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان ئاواز حەمید فەندی رایگەیاند، ئەمرۆ سەردانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانمان کرد لە نزیکەوە گفتووگۆمان لەبارەی چەند پرسێکی ئەمنییەوەکرد، ئەنجوومەن زۆر بەو سەردانە دڵخۆش بوون، و بیروڕای زۆر باشمان گۆڕیەوە و بڕیارماندا لە ئێستادا ئەو بەیاننامە و بڕیارانەی کە پەیوەندی بە گشتی خەڵکەوە ھەیە و لە ئەنجوومەن دەردەچن، ئێمەی لێ ئاگاداربکرێتەوە.
وتیشی: ھەرچەندە ئەو ئەنجوومەنە لەژێر چاودێری پەرلەمان نییە، بەڵام ئامادەییان دەربڕی ھەرکاتێک بێن بۆ پەرلەمان و ڕوونکردنەوە بدەن ئەوەش وەک ویستی خۆیان نەک بانگێشت بکرێن.
ئاواز حەمید فەندی لەبارەی ناوەرۆکی گفتووگۆی پەرلەمانتاران و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ئەوەی خستەروو کە یەکێک لە تەوەرەی گفتوگۆکان باسی زیندانیە بێ سەروشوێنەکان کراو کە ماوەیەکی زۆرە ون بوون، داوامان لێ کردن روونکردنەوەمان بدەنێ، چونکە لە مێژە ئەو کەسانە گیراو و دادگای نەکراون، ھاوکات باسی گرفتی خەڵک و چەند پرسێکی دیکە کرا.
ئاواز مەلا فەندی گوتیشی: مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش روونکردنەوەی زۆر باشی دا لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایانە کە پەیوەندی بە کاری ئەوانەوە ھەیە بۆ ئەوەی پرس و راگۆڕینەوە لەنێوان ئێمەو ئەوان ھەبێت، بۆیە ئەوان داوایان کرد ئێمە پشگیری ئەوان بکرێت .
ئەوەشی خستەروو: ھەردوولا قسەمان یەک بوو کە ھەندێک بابەتی ئەمنی ناکرێت لە راگەیاندنەکانەوە باس بکرێت.
دەشڵێت: لە کۆیی ١١ ئەندامی لێژنەکە ٩ پەرلەمانتار سەردانی ئەنجومەنی ئاسایشیمان کرد کە سەرجەم لایەنەکانی پەرلەمانی تێدابوو.
باسنیوز
