ئاسایشی کەرکووک: سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی رووداو تۆمار دەکەین

ئاسایشی کەرکووک: سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی رووداو تۆمار دەکەین
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھەریەک لە لیوا "ھەڵۆ نەجات" بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک و موقەدەم "پۆڵا ئەحمەد" بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق و "کەمال مەرعی" کە تۆمەتبارکرا بە ئەمیری داعش رایانگەیاند، سکاڵا لەسەر کەناڵی رووداو تۆمار دەکەن لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دروستیان کردووە بۆیان.

لە سەرەتادا ھەڵۆ نەجات بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک رایگەیاند: "ئەم کۆنگرەیە بۆ راستکردنەوەی ھەواڵێکی کەناڵی رووداوە کە لە دوو شەوی رابردوو بڵاو کرایەوە ئێمە لە ماوەیەی ئەم ٤٨کاتژمێر بۆیە وەڵامان نەدایەوە چونکە کەمال عەدنان مەرعی لە تازیەک بوو لە شاری بەغدا دوای ئەوەی داوامان لێکرد گەڕایەوە بۆ کەرکووک کە لەلایەن کەناڵی رووداو بە ئەمیرێکی داعش لە قەڵەم درابوو جگە لەوەیش بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا ھێرش کرایە سەر ئاسایشی کەرکووک و ناوبراو عەرەب و مامۆستایە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک جگە لەویش له کۆمەڵێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھێرش دەکرایە سەر ئاسایش. ھەندێک کەس ئاماژەیان کردبوو گوایە کەمال مەرعی لە ٣٠ی مانگ بریندار کرابوو لە شەڕەکەی گوندی وەحدەی سەربە شارۆچکەی داقووق کە ئەمانە دوورن لە راستیەوە.

هەڵۆ نەجات گوتی: ئەم برادەرە ھیچ پەیوەندی بە داعشەوە نیە و لەنێو شاری کەرکووک مامۆستایە و ماوەی ٢٥رۆژ حجزبووە لەلای ئاسایش ئێمە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بانگی موقەدەم پۆڵا بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووقمان کردووە کە کەمال عەدنان تەنھا برایەکی لەلای داعش بووە لە شەڕەکەی گوندی وەحدە کوژرابوو ئێمەش بۆ سوود وەرگرتن لەوە ویستمان تەرمی شەھیدەکانمان وەربگرینەوە بەڵام لایەنی سێیەم بە بڕیارەکەوە پابەند نەبووە و ئەو بابەتە تا ئێستا ماوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک گوتی: سەبارەت بە کەمال عەدنان مەرعی سێ برای ناوبراو ئێستا دەستگیر کراون لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە تاکو ئێستا ھیچ بەڵگەیەکیان لەسەر نیە ئەگەر بەو شێوەیەش بێت دڵنیابن ئەوانیش ئازاد دەکرێن چونکە برایانمان لە ئاسایشی یەکێتی دەڵێن ئێمە ھیچمان لەسەریان نیە تەنھا لەسەر زانیاری پێشمەرگەوە حجز کراون جگە لەوەش کەمال عەدنان کە ئێستا راوەستاوە لەگەڵمان سەر بە رێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە شاری کەرکووک. بۆیە من لێرەوە وەکو کەسێکی حکومی و فەرمانبەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنم کە بەشێوەیەکی فەرمی سکاڵا لەسەر کەناڵی رووداو تۆمار دەکەین و جگە لەوەش دەبێت داوای لێبوردن بکات لەو بابەتەی کە بڵاوی کردوەتەوە و بەھیچ شێوەیەک خۆش نابین و بەپێی ماددەی ٤٣٣ی یاسای سزادانی عێراقی ھەموو روکنەکانی تۆمەت لەم ھەواڵەیان بوونی ھەیە کە تۆمەتێکی ناڕەوا دراوەتە پاڵی ئێمە لەلایەن پەیامنێرەکەوە و بڵاوکردنەوەی لە کەناڵی رووداوەوە.

راشیگەیاند: بەداخەوە ھەندێک کەسیش لە دەزگای رۆشنبیری پارتیش دیارە وەکو ئەوەی کێشەی شەخسیان ھەیە قسەیان کردووە بەناڕەوا ئەویش دەھێڵمەوە بۆ پارتەکەمان بۆ خۆیان لێکۆڵینەوە بکەن، بۆیە ئێمە بەھیچ شێوەیەک رێگەنادەین ھیچ کەسێک لە کەناڵێکی کوردییەوە پێمان بڵێن بازرگانی بەخوێنی شەھیدەوە دەکەن چونکە بۆخۆم چەندین شەھیدم ھەیە جگە لەوەی دەزگای ئاسایش زیاتر لە ١٠٠شەھیدی ھەیە لەناو شاری کەرکووک جگە لەوەش لە رۆژی ١٠ی حوزیران تاکو ئێستا ١١شەھیدمان ھەیە و لەھەموو سەنگەرەکان بەشداریمان کردووە و ئەم بابەتە بووە ھۆی بریندار کردنی ئەم سەفەر و کارمەندەکانمان ھیوادارم ئەمە دواین ھەڵەبێت.

کەمال عەدنان مەرعی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گووتی: "ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بەمنەوە نیە و ھیچ پەیوەندیم بە داعشەوە نیە دواتر من خاوەنی دوو خێزانم و ٩منداڵم ھەیە چون ئەوان بەجێدێڵم و دەڕۆمە دەرەوەی شاری کەرکووک بۆیە من لێرەوە رایدەگەیەنم سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی رووداو تۆمار دەکەم لەسەر ئەو تۆمەتانەی بۆیان دروستکردووم لە کەناڵەکە دواتر من مامۆستام لە قوتابخانەیەکی کەرکووک دەوام دەکەم."
Top