سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاسای زمانە فەرمییەكانی واژۆکرد
تاریق جەوهەر، راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستانی رایگەیاندووە، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە 6 زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان- عێراق پەسندكرد، كە لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە 9 ی رۆژی 29/10/2014 لەلایەن پەرلەمانی كوردستان دانراوە و پاشان سەرۆكی پەرلەمان بەنووسراوی رەسمی ژمارە 4/3/4159 لەرۆژی 20/11/2014 دەقی یاساكەی ئاراستە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردو لەرۆژی 3/12/2014 بەبڕیاری ژمارە 16 لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە یاسای زمانە فەرمییەكان لەهەرێمی كوردستان دەرچووێندرا".
راوێژكاری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، کە " لەماددەی یەكەم زمانەكانی كوردی وعەرەبی وەك دوو زمانی فەرمی لەعێراق و لەماددەی دووەمیش زمانی پێكهاتەكانی دیکەی وەك توركمان و سریان و ئەرمەن، لەپاڵ زمانی كوردی بەزمانی فەرمی دادەنرێن لە یەكە ئیدارییەكانی خۆیان".
یاساكە لە 27 ماددە پێكهاتووە و لەرۆژی بڵاوكردنەوەی لەرۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
