پارتی: لە هەڵەبجە پۆستیشمان پێ نەدرێ نابینە ئۆپۆزیسیۆن
ئەمڕۆ (یەكشەممە 14-12-2014) لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان لە بارەگای لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ قسەكردن لەسەر ئیستیحقاقی لایەنەكان لە حكومەتی خۆجێیی هەڵەبجە كۆبوونەوە.
ئەو كۆبوونەوەیە بەهۆی نیگەرانیی لایەنەكان بوو لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان لەسەر پۆستەكانی پارێزگاكە، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو لایەنە هەر پێنج پۆستە باڵاكەی پارێزگاكەیان لەنێوان خۆیان دابەشكردووە.
فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند، كە ئەوان نیگەرانییەكانی خۆیان بە راشكاوی باسكردووەو لە هەمانكاتدا داوای ئەو پۆستانەشیان كردووە كە بە مافی خۆیانی دەزانن.
بەشارەتی گوتی: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگریی لەسەر وەرگرتنی پۆستی قایمقامی مەركەزی شارەكە دەكەین". ئەو لێدوانە لەكاتێكدایە كە بەپێی دوایین رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان، ئەو پۆستە دراوەتە یەكێتی.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر یەكێتی سووربوو ئەو پۆستە بۆ خۆی هەڵگرێ، فازڵ بەشارەتی گوتی "ئەوكات ئەگەری زۆرە بەشداریی لە پێكهاتەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە نەكەین". بەرپرسی لقی 12ی پارتی جەختیشیكردەوە كە نەك پۆستی قایمقام، "ئەگەر هیچ پۆستێكی دیكەشمان پێنەدرێت نابینە ئۆپۆزیسیۆن" و پێیوابوو ناكرێ بە تەنیا لە هەڵەبجە ماڵجیایی بكرێ، لەكاتێكدا لە بەغداو پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەموو لایەنەكان پێكەوەن.
فازڵ بەشارەتی ئەوەشی راگەیاند، كە هەموو لایەنەكان بە یەكێتی و گۆڕانیشەوە خواستیان ئەوەیە هەموو لایەنەكان بەشداربن لە پۆستەكاندا.
لە 29-10-2014 لایەنە سیاسییەكان لە مەڵبەندی یەكی بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەڵەبجە كۆبوونەوەو رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە، بەجۆرێك: پارێزگارو سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەسترایەوە بە سلێمانییەوە، دوو جێگرەكەی پارێزگار درایە كۆمەڵ و یەكگرتوو و قایمقامیش بۆ پارتی دانرا. هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگاش وا رێككەوتن كە پێنج لایەنەكە هەریەكەیان 4 كورسی هەبێت و بزووتنەوەی ئیسلامی دووان و سۆسیالیست، شیوعی و ئایندەش یەكی كورسییەك.
بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی رووداو، رێككەوتنەكەی سلێمانی ئەم رێككەوتنەی گۆڕیوەو گۆڕان و یەكێتی پاشگەزبوونەتەوە لە پێدانی ئەو پۆستانە بە پارتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ.
بەپێی ئەم رێككەوتنە تازەیە، بەو پێیەی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی دەبێت، بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگار و جێگری پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبات. هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگرێكی پارێزگار و قایمقام دەدرێتە یەكێتی.
رووداو
