ژمارەیەک لایەنی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی" چاوەڕێی ڕێکەوتنی تەواوی گۆڕان و یەکێتین"

ژمارەیەک لایەنی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: سەرجەم لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چاوەڕێی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، تاکو لە ڕێکەوتنەکەیان شێوازی بەشداری پێکردنی لایەنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا ڕابگەیەنن.

لەو بارەیەوە، مینا سامی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئاژانسی پەیامنێر گووتی: " لایەنەکان چاوەڕێی ڕێکەوتنی کۆتایی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەن تاکو بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەکەن".

گووتیشی:"ئێمە دەمانەوێت حکومەتێکی خۆجێی بنکە فراوان لە پارێزگای سلێمانی پێک بێت و هەموو لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن".

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە، هەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتنی سەرەتایی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندرا، ئێستاش هەردوو لایەنەکە لە گفتوگۆدان بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستەکانی بەڕێوەبەرە گشتیەکان و قائیمقام و بەڕێوەبەری قەزاو ناحیەکانی سنووری پارێزگاکە.
Top