نوێنەری تازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا دەستنیشان كرا
ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێكدا بەرپرسی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، (فەلاح مستەفا) گوتی، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم لەژێر رێنماییەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ پەرەپێدان و پتەوكردنی پێوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی بیانی لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و لەبەر گرینگی نووسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكاو بەتاڵی ئەم پۆستە بۆ ماوەیەك، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە گواستنەوەی راژەی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا خاتوو (بەیان سامی عەبدولرەحمان) بۆ نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم ئاماژەیشی كرد، ئێمە وەك فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە خاتوو (بەیان سامی عەبدولڕەحمان) دەكەین و هیوای سەركەوتنی لەم ئەركە تازەیەیدا بۆ دەخوازین. بەو ئومێدەی لە ئاست ئەو متمانەیەدابێت كە حكوومەتی هەرێم پێیداوە. هەروا گووتیشی كە، خاتوو (بەیان) خۆی خاوەن ئەزموونی چەند ساڵەیە لە كاری نوێنەرایەتی كردن و گەیاندنی پەیامی حكوومەت و دروستكردنی پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ دامەزراوە حكوومی و كۆمپانیا بازرگانییەكان.
دەخوازین تەواوی نوێنەرایەتیەكانی حكومەت لە دەرەوە هەوڵەكانیان زیاتر چڕ بكەنەوە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوە حكومیەكان و وەبەرهێنەر و كۆمپانیا و زانكۆ و ناوەندە رۆشنبیری و كەلتوریەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هەروەها كار بكەن بۆ هاوكاری و بایەخدانی زیاتر بە رەوەندی كوردستانی، ئەویش لەپێناو چارەسەر كردنی گرفتەكانیان و سوود وەرگرتن لە بەهرەو توانا و شارەزاییان و بەشداری پێكردنیان لە ئاوەدان كردنەوەی زیاتری هەرێمی كوردستان. جێگەی باسە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوەی وڵات هەیە.
