پارێزگای هەولێر: بە دیكۆمێنت ددانپێدانانی تیرۆریستانی كردەوەكەی هەولێر بڵاو دەكرێتەوە

 پارێزگای هەولێر: بە دیكۆمێنت ددانپێدانانی تیرۆریستانی كردەوەكەی هەولێر بڵاو دەكرێتەوە
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان تۆمەتبارانی سەرەكیی تەقینەوەی بەردەم پارێزگای هەولێری راگەیاند، بەرپرسێكی پارێزگای هەولێر چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات.

بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر (هەمزە حامد) بە (KDPINFO)ی راگەیاند: "پارێزگاری هەولێر بە شەخسی ئاگاداری دەستگیركردنی ئەو تیرۆریستانەیە كە لە لایەن ئاساییشەوە دەستگیر كروان و ددانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە، بەڵام چونكە پرسێكی ئەمنییە ئێمە زانیاریمان نییە."

(هەمزە حامد) ئاماژەی دا "كاتێك لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن، ئاساییش بە دیكۆمێنت و بە تۆماركراوی ددانپێدانانی تیرۆریستان بڵاو دەكاتەوە بۆ ئەوەی خەڵك لە توانای دەزگاكانی ئاساییش دڵنیا بنەوە."

بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەشڵێت: "جێگەی دڵخۆشییە لە ماوەیەكی كەمدا دەزگاكانی ئاساییش تاوانبارانی رووداوە تیرۆریستییەكەی بەردەم پارێزگای هەولێریان ئاشكرا كردووە، بڕوامان بە دەزگاكایی ئاساییش هەیە كە بە بڵاوكردنەوەی دیكۆمێنتەكان خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەنەوە."

(هەمزە حامد) جەختی كردەوە، دەزگاكانی ئاساییش توانایان هەیە و دڵسۆزیان هەیە بۆ دەستگیركردن و دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت زیان بە ئارامیی خەڵكی كوردستان بگەیەنن.

لە بارەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی تەقینەوەكەی بەردەم پارێزگایش، ئەو بەرپرسەی پارێزگا گوتی: "بۆ شەهیدەكان نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، مووچەی شایان بۆ ئەو شەهیدانە ببڕێتەوە، پارێزگاریش بەڵێنی داوە بە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەكان هەرچیی لە دەستی بێت بیكات."

رۆژی 19/11/2014 لەبەردەم بینای پارێزگای هەولێر خۆكوژێك بە ئۆتۆمبێلەكەوە خۆی تەقاندەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج كەس و برینداربوونی ژمارەیەكی تر.
Top