شانازی بە خەڵكی كوردستانەوە دەكەم توانیویەتی دورگەیەك لە سەقامگیری بپارێزێت

شانازی بە خەڵكی كوردستانەوە دەكەم توانیویەتی دورگەیەك لە سەقامگیری بپارێزێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر سابت عەبدوڵڵا تایبەتمەند لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: خۆشحاڵم قسە لەگەڵ گۆڤاری گوڵان دەكەم، دواتر وەك عەرەبێكی عێراق كە لە بەغدا گەورە بووم و هەمیشە ئەو بۆچوونەم هەبووە كە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێكی پڕ لە ئاشتی و سەقامگیری، دەبێت دان بە تەواوی مافە نەتەوەییەكانی كورددا بنرێت، بە مافی بڕیاردانی چارەنووسیشەوە. راستە وەك عەرەبێك هەمیشە حەز دەكەم عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و كوردستان بەشێك بێت لێی، بەڵام باوەڕیشم بەوە هەیە كە پێویستە كوردەكان بێ هیچ جۆرە ناچاركردنێك خۆیان بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن. سەبارەت بە پرسیارەكەتان، دوو شت هەیە لەبارەی داعشەوە كە دەبێت دانی پێدا بنێین، یەكێكیان ئەوەیە كە ئەمە مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستییە لە ناوچەكەدا هاتبێتە ئاراوە كە چەندین بزووتنەوەی فاشیست و نالێبوردەیی بەخۆوە بینیوە، دەتوانین بە رژێمەكەی سەددام حوسێن دەست پێ بكەین، خاڵی دووەم ئەوەیە كە تاكە رێگە بۆ تێكشكاندنی ئەم بزووتنەوەیە -بە رەچاوكردنی لاوازیی حكومەتی مەركەزی لە بەغدا- بریتییە لە هەوڵی دەرەكی و نێودەوڵەتی.


سابت هەروەها گوتی: تاكە رێگە بۆ بەدەستهێنانی دەرئەنجامێكی ئیجابی لەمەدا ئەوەیە تەنها وەك كێشەیەكی ئەمنی لێی نەڕوانین، بەڵكو لە بوارێكی بەرفراوانتردا، داعش بێئەندازە مەترسیدارە و دەبێت تێكبشكێندرێت، زۆر گرنگە ئەوەمان لە یاد بێت كە هۆكاری دروستبوونی داعش زۆر دوورترە لەوەی تەنها هۆكاری ئەمنی بێت. بەڵكو بۆ شكستی حكومەتەكەی پێشوو، -حكومەتەكەی مالیكی- دەگەڕێتەوە، لەوەی نەیتوانی هەستێك درووست دەكات كە هەمووان بەشدار بن و هەموو گەمەكار و پێكهاتە جیاوازەكان لە پرۆسەكەدا بەرژەوەندییان هەبێت. بەڵام وەك عەرەبەكانی سوننە ئاماژەی پێدەكەن، زیاتر لە ناوچەیەك هەستیان دەكرد پەراوێز خراون. كەواتە مەسەلەكە هەر تەنها مەسەلەی ئەمنی نییە، بەڵكو بریتییە لە مەسەلەی لێبوردەیی و بەشداریی هەمووان و بە دیموكراتیزەكردن. هۆكارێكی دیكەی درووستبوونی داعش داگیركاریی ئەمریكا و وێرانكردنی وڵاتەكە و بۆردمانكردنی مەترسیداری وڵاتەكە بوو، هەروەها ئەمریكا پلانێكی روونی واقیعی نەبووە بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆخی دوای سەددام لە عێراقدا، كاتێك سەددام رووخا زۆر كەس خۆشحاڵ بوون .


هەروەها پڕۆفیسۆر سابت عەبدوڵڵا گوتی: یەكێك لە كێشەكانی گەڵاڵەكردنی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بریتییە لە سادەكردنەوەی مەسەلەكە و لێكدانەوەی داینامیكیەتی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای تایەفەگەری، عێراق نموونەیەكی باشە لەم رووەوە، كاتێك ئەمریكا هاتە ئەم وڵاتەوە، پێیوابوو عێراق لە چەند پێكهاتەیەكی جیاواز پێكهاتووە، شیعە لە باشوور و سوننە لە ناوەڕاست و كوردەكان لە باكوور و گریمانەی ئەوەیان كرد كە لە سەردەمی سەددام حوسێن ئەوە حوكمڕانی سوننە بوو بەسەر هەموو لایەنێكی دیكەدا، بەڵام هەروەك دەزانین ئەمە زۆر ئاڵۆزتر بوو لەوە، خودی شیعەكان لەسەر چەندین بنەما دابەش بوون، حزبەكەی مالیكی، (حزبی دەعوە) لەگەڵ بزووتنەوەی سەدر دووچاری پێكدادان بوون، كەواتە ئەو گریمانەیەی كە شیعەكان یەكڕەنگن، ئەوەش راست نییە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1004)
Top