هێرشی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ و مەخموور بۆ سەر داعش دەستیپێکرد
رەنجە جەمال پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە رووماڵی ئەو هێرشە دەکات رایگەیاند لە میحوەری مەخموور پێشمەرگە پێشڕەوی کردووەو بەو نزیکانە گووندەکانی: (دووگرکان، جدیدە، عەلیاواو گوبێدە) کۆنترۆڵدەکاتەوە.
عەمید محەمەد چێوەیی فەرماندەی هێزی کاوە لە مەخموور بە رووداوی گوت، لە میحوەری گوێڕ هێزی پێشمەرگە توانیویانە ساقیە و کوشاف و بەرزاییەکانی کوشاف کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
هاوکات سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور - گوێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند هێزی پێشمەرگە بەردەوامە لە پێشڕەویکردن.
سەرچاوەیەکیش لەنێو هێزی پێشمەرگە بە رووداوی گوت، کە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە خاوبووەتەوە. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی تەنیا دوو گوندی کوردی لە میحوەری گوێڕ لەژێر دەستی داعش ماون.
