نێچیرڤان بارزانى: بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشین

 نێچیرڤان بارزانى: بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشین
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا سه‌ره‌تایی مانگی داهاتوو نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشین و ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆى ئابووریی به‌ده‌ست بهێنین .

نێچیرڤان بارزانى له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى رووداو له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دۆسیه‌ى نه‌وت و بودجه‌ و مووچه‌ دووا . نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند كه‌ له‌ ساڵى 2006 كاتێك له‌ به‌غدا گه‌رامه‌وه‌ تێگه‌یشتم كه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ى نه‌وت وه‌ك كارتى فشار به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌كاربهێنیت .

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌یشى راگه‌یاند كه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت كۆنترۆلى پرۆسه‌ى فرۆشتنى نه‌وت بكات و ، ئێمه‌ش ئه‌و قبول ناكه‌ین و ته‌نازولیش له‌ مافى ده‌ستووریمان ناكه‌ین .

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى گووت له‌ دواین كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ شاندى حكوومه‌تى عێراق پێم گووتن كه‌ ده‌بێت پرۆسه‌ى فرۆشتنى نه‌وت له‌ ده‌ستى خۆمان بێت و ئێوه‌ تێدا به‌شدار بن و ده‌توانن ئاگادارى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌ بن و داهاته‌كه‌شی دابه‌ش بكه‌ین .

نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌یدا كه‌ نامانه‌وێت چاومان له‌ ده‌ستى به‌غدا بێت و ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی به‌ده‌ست بهێنین گووتیشیى ئێستا پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌هێزبووه‌ و كوردستان بۆته‌ شوێنێك بۆ دابینكردنى وزه‌ بۆ جیهان .

سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌شى دركاند كه‌ له‌ته‌ك خه‌زانه‌كانی نه‌وتی عێراق غه‌زانى تایبه‌ت به‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌ و یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌و غه‌زانانه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ . نێچیرڤان بارزانى گووتیشیى تا ئێستا نه‌وته‌كه‌ نه‌فرۆشرا به‌ڵام سه‌ره‌تایی مانگه‌ داهاتوو بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌غدا نه‌وته‌كه‌ ده‌فرۆشێن .

پێشتریش تانه‌ر یاڵدز وه‌زیرى وزه‌ى توركیا رایگه‌یاند تاسه‌ر چاوه‌رێ ناكه‌ین و هه‌ركاتێك رێژه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ 2 ملیۆن به‌رمیل ئه‌وا خه‌زانه‌كان چیتر جێگایان كۆكردنه‌وه‌ى نه‌وتى نامێنێت و ده‌ست به‌ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین .

له‌باره‌ی ئاماده‌كاریی حكومه‌تی كوردستان بۆ كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی ئه‌وان‌ باجه‌كه‌یانداوه‌، له‌ مانگی یه‌كه‌وه‌ مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌. ته‌نها مانگێك مووچه‌ هاتووه‌، ئه‌ویش به‌كه‌می.

به‌گوته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئێستا هه‌رێمی كوردستان 850 ملیار دیناری هه‌یه‌ بۆ مووچه‌، كه‌چی نزیكه‌ی‌ 500 ملیار دینار له‌و پاره‌یه‌ هاتووه‌. هه‌روه‌ها له‌ مانگی شوباتیش هه‌مان بڕه‌پاره‌یان وه‌رگرتووه‌ و له‌ مانگی ئادار و نیسانیش هیچ پاره‌یه‌كیان له‌ به‌غداوه‌ بۆ نه‌هاتووه‌ .

له‌ باره‌ی مووچه‌شه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند ده‌توانین بێ به‌غدا مووچه‌ دابین بكه‌ین و مووچه‌ى هیچ كه‌سێكیش نافه‌وتێت . نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى مووچه‌ و دابه‌شكردنى داهاتى نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ ده‌توانین مووچه‌ى دابین بكه‌ین گووتیشى مووچه‌ى مانگی سێ له‌سه‌ر داهاتى ناوخۆ و وه‌رگرتنى قه‌رز له‌ كۆمپانیاكان دراوه‌ و ، له‌چه‌ند رۆژى داهاتووشدا ده‌ست به‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نیسان ده‌كرێت .

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌یشى راگه‌یاند كه‌ مووچه‌ى هیچ كه‌سێك نافه‌وتێت ته‌نها دوا ده‌كه‌وێت . له‌ باره‌ی و دابه‌شكردنى داهاتى نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ پابه‌نده‌ین به‌و به‌لێنه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ هاووڵاتیانمان داوه‌ گووتیشی ئێمه‌ فیل له‌ خه‌ڵك ناكه‌ین و هه‌ڵیان ناخه‌ڵه‌تێنن به‌ڵام جێبه‌جێكردنى به‌ستراوه‌ به‌ فرۆشتنى نه‌وت .
Top