وەزارەتی كارەبا :ئەم هاوینە 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبای بەردەوام دابین دەكەین

وەزارەتی كارەبا :ئەم هاوینە 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبای بەردەوام دابین دەكەین
بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا پلانی وەزارەتەكەیان بۆ پێدانی كارەبا لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت بەرهەمهێنانی كارەبا زیاتر دەبێت لە 4 هەزار میگاوات بەم هۆیەوەش رۆژانە 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبا دابین دەكرێت.


دیار تاهیر بابان بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی كارەبا و گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆیەكی تایبت لە گەڵ(باس) رایگەیاند: لە هاوینی ئەمساڵدا بارودۆخی كارەبا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو باشتر دەبێت چونكە بارودۆخەكە زۆر باش بووە، گوتیشی: بەهۆی ئەوەی وەرزی بەهار خواست لە سەر كارەبا كەمتر بووە بۆیە دەستمان بە چاككردنەوەی تۆرباینەكان كردوە و ئامادەكاریەكانمان بۆ هاوین دەست پێكردوە.



دیار تاهیر بابان ئاماژەی بە دەستبەكاربوونی پرۆژەیەكی تری بەرهەمهێنانی كارەبا كرد و گوتی: لە سەرەتای مانگی 6 لە پرۆژەی هەزار مێگاواتی خورمەڵە هەولێر 600 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێت و دەچێتەوە نێو تۆری گشتی، ئەوەش شتێكی دڵخۆشكەرە چونكە بەرهەمی كارەبا زۆر زیاد دەبێت و هاوكاریەكی باش دەبێت بۆ زیادبوونی بەشە كارەبا لە وەرزی هاویندا، چونكە ئەمساڵ هاوین خواست لە سەر كارەبا زیاتر دەبێت، ئەو 600 مێگاواتەش دەتوانێت ئەو خواستە پڕ بكاتەوە.



بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ئەوەی روونكردەوە كە لە دوو وەرزدا بەرزترین خواست لە سەر كارەبا هەیە، گوتیشی: لە ناوەراستی زستان و لە ناوەراستی هاویندا زۆرترین خواست لە سەر كارەبا هەیە، لە زستانی ئەمساڵ بەرزترین ئاستی داخوازی گەیشتبووە 4 هەزار مێگاوات، بەڵام وەزارەتمان 3 هەزار و 450 مێگاواتی دابین كرد، بۆ هاوین داخوازی كەمترە، ئەم هاوینە خواست لە سەر كارەبا 3 هەزار و 500 مێگاوات دەبێت، بەم پێیە بێت ئێمە بۆ هاوین زیاتر لە 4 هەزار مێگاوات كارەبامان دەبێت.



تەنانەت لە هەندێك گەرەك 24 كاتژمێرمان دابین كردوە، بۆ پلانی وەرزی هاوین 22 بۆ 23 كاتژمێر كارەبا دابین دەكەین بۆ هاوڵاتیان.بۆ نمونە پێش 3 ساڵ لە هاویندا 18 بۆ 19 كاتژمێر كارەبامان دابین دەكرد، ساڵانە لە گەڵ زیادبوونی خواست بەرهەمەكەشمان زیاد بووە.

دیار بابان هێمای بۆ ئەوە كرد لە پاڵ دابینكردنی سوتەمەنی غاز بۆ وێستەگەكان بەردەوامن لە كرین و دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگەكان، گوتیشی: خەززانی هەر سێ وێستەگە هەمووی پڕ بووە لە گازوایل، ئەم زستانە رۆژانە 5 بۆ 6 ملیۆن لیتر گازوایلمان بە كارهێناوە.

ئاشكرایكرد 70%ی بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی غازی سرووشتییەوە بەرهەم دەهێنرێت."لە غازیش كێشەمان نیە وێستگەی چەمچەماڵ بە غازی سروشتی كار دەكات وێستگەی هەولێر نیوەی بە غاز كار دەكات، وێستگەی دهۆك بە گازایل كار دەكات و لە ماوەی مانگێكی تردا ئەویش بە غازی سروشتی كار دەكات.










PNA
Top