لە وەڵامی "هاوڵاتی" و " كوردستانی نوێ"ـدا ئەو بەڵگەنامە هەڵبەستراوانەی خزمەتی سیاسەتی نەیارانی كوردستان دەكەن

لە وەڵامی
لەبارەی ئەو خەندەقەوە كە لە ناوچەیەكی زۆر دیاریكراو و سنوورداری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان هەڵكەنراوە، رۆژنامەی "هاوڵاتی" ئیدیعا دەكات كە بەڵگەنامەیەكی نهێنی وەزارەتی دەرەوەی توركیای دەست كەوتووە و بڵاوی كردۆتەوە و لە كۆتاییشدا دەڵێ: (هاوڵاتی نەیتوانی بە تەواوەتی راستی بەڵگەنامەكە پشتڕاست بكاتەوە هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستە لە چەند لایەنێكەوە هەوڵیدا).
دوابەدوای رۆژنامەی هاوڵاتی، رۆژنامەی "كوردستانی نوێ" و ماڵپەڕی "PUKmedia"یش ئەم بەڵگەنامە نهێنییە پشتڕاستنەكراوەیان بە پشتبەستن بە "هاوڵاتی" دیسانەوە بڵاوكردۆتەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەن كە رۆژنامەی هاوڵاتی "نەیتوانیوە راستی بەڵگەنامەكە پشتڕاست بكاتەوە".
لەماوەی ڕابردوودا سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكرات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕوونی باسی ئەوەیان كردووە كە ئەم خەندەقە حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی پاراستنی ئەمنی هەرێم و ژیانی هاووڵاتیان لە هەڕەشەی تیرۆر و ڕێگەگرتن لە قاچاغچێتی هەڵكەندووە و ئەگەر پێویست بێت لەوەیش زیاتر بۆ پاراستنی هەرێم دەكەن.
بەڵام بەداخەوە رۆژنامەی هاوڵاتی و كوردستانی نوێ و ماڵیەڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خۆیان نەبان دەكەن لەم راگەیەنراوانەوە و لەپێناوی هەندێ مەبەستی زۆر هەنووكەیی كە هەرگیز خزمەت بە ئاسۆی دیموكراسی و كرانەوەی سیاسی و رێكخستنەوەی ناوماڵی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان ناكەن، بە بەڵگەیەكی پشتڕاسنەكراوە دەگەڕێنەوە سەر تۆمەتباركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئێمە لێرەدا رووی پرسیارمان دەكەینە رۆژنامەی "هاوڵاتی" و دەپرسین: بەڵگەنامەیەك كە زۆر نهێنییە و هی دەوڵەتێكە و خۆیشت دەڵێی : (بەشێوەی تایبەت) و (بە دەست بۆ شوێنی پەیوەندیدار) نێردراوە، چۆن وێنەیەكی دەست تۆ كەوتووە؟!
لە چەند لایەنێكەوە زۆرت هەوڵداوە بۆ پشتڕاستكردنەوەی بەڵام نەتوانیوە راستی بەڵگەنامەكە پشتڕاست بكەیتەوە، ئیتر بە چ ئیتیكێكی رۆژنامەگەری بڵاوت كردەوە؟ ئەوە چ ئەخلاقێك و چ راستگۆییەكی میدیاییە كە بەڵگەنامەیەكی پڕ لە درۆ و تیغی فیتنەگەریی نەتەوەیی و سیاسی، بێ ئەوەی راستی و دروستیت بۆ بسەلمێ بڵاوی دەكەیتەوە؟
رووی پرسیاریشمان لە (كوردستانی نوێ) و(PUKmedia)ـیە كە ئێوە دەزگای موعتەبەر و زمانحاڵی حزبێكی سیاسی كاریگەر و سەرەكی ئەم وڵاتەن و دنیایەك بەرپرسیارێتی سیاسی و كۆمەڵایەتیتان لە ئەستۆیە و، خوڵقاوی فەزای پڕ لە فەوزای بەناو رۆژنامەگەری ئەهلی نین، بۆچی راپۆرتێكی هەڵبەستراو لە رۆژنامەیەكی ناوخۆوە وەردەگرنەوە و سەرلەنوێ بڵاوی دەكەنەوە كە خودی رۆژنامەكە خۆی دەڵێ ئەم بەڵگەنامەیە راست نییە؟! ئایا پێتان وایە لەناو گێژاوی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاوكردنەوەی راپۆرتی هەڵبەستراو دەنگ بۆ حزبەكەتان كۆدەكاتەوە؟! ئایا دەستەكەوتە تاكتیكییەكانی ئەم لەحزە پڕ گرێژنەیەتان بەلاوە گرنگە، یان ئایندەی پەیوەندی دروست و نیشتمانی نێوان پارتی و یەكێتی؟! ئایا بەم كارەتان چەند خزمەتی پاراستنی ئەمن و ئاسایشی كوردستان و پاكژیی فەزای سیاسی و كێبڕكێی دروست و دیموكراسییانە و راستگۆیی میدیایی دەكەن؟!
بێگومان "هاوڵاتی" و "كوردستانی نوێ" و "PUKmedia " دەزانن كە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە هەڵبەستراوە پشتڕاسنەكراوەیە و تۆمەتباركردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاكام و بەرپرسیارێتی قانونی هەیە و لەگەڵ دادگادا رووبەڕوویان دەكاتەوە. هاوكات هاوڵاتیانی سەربەرز و وشیاری كوردستان دەزانن كە پەتی ئەمجۆرە هەواڵ و راپۆرتە هەڵبەستراوە پڕ لە درۆ و تیغی فیتنەگەریی كورتە و تەنیا خزمەتی سیاسەت و ستراتیژی نەیارانی گەلی كورد دەكەن. لەبەرامبەریشدا هەڵوێستی كوردستانیی و وڵاتپارێزیی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێم پایەدار و چەسپاوە و بوونەتە دامەزرێنەری بەردی بناغەی ئایندەی گەشاوە و ئازادی نیشتمان و نەتەوە.
جارێكی دی بۆ خەڵكی سەربەرزی كوردستان ڕوون دەكەینەوە كە لێدانی خەندەق كاری دەزگە ئەمنی و سەربازییەكان و پارتی بە توندی پشتگیری هەر هەنگاوێك دەبێت كە ئامانجی پاراستنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانە. ئەوانەی كێشەیان لەگەڵ خەندەق هەیە ئەگەر نیازی خەراپ و قاچاغیان نەبێ بۆ بە ڕێگەی ئاسایی یاساییدا هاتوچۆ ناكەن. ئەو سیاسییانەی موزایەدات دەكەن چاك دەزانن كارەكەیان زۆر هەرزانە و بۆ بەدەستهێنانی چەند دەنگێك كە لەو بڕوایەش دانین خەڵكی كوردستان گوێ بەم چەواشەكارییانە بدات. پارتی گوێ بە موزایەدات نادات و ئەوەی پێویست بێ بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان ئەنجامی دەدات.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
28/4/2014
Top