راگەیاندراوێك لە وتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
ئێمە لە راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوران و كچانی 16ی ئاب شەربەرزین كە حزبەكەمان ئەوەندەی دەسەڵاتی بەسەرداشكاوە لە كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی بەدیهێناوە، كادیرە بەتوانا و لێوەشاوەكانی حزبەكەی 16ی ئاب كوردستانیان خستەسەر نەخشەی وزەی جیهانی، سەرۆكی حزبەكەمان دیواری شەرم و ترسی باسكردنی دەوڵەتی كوردی روخاند، ئەو دەوڵەتەی بە خەون لە قەڵەم دەدرا. بەڵی مادام ئێوە حزبەكەتان بێ بەش دەكەن لە شەریكی بەڕێوەبردنی وڵات لە چەند ساڵی رابردوو، ئەوا ئێمە سەربەرزین كە خزمەتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان كردووە و هاوكاربوین لە پێشخستنی وڵاتەكەمان و پێشكەشكردنی خزمەتگۆزاری. لێرەدا هەموو خەڵكی كوردستان و رۆشنبیر و رۆژنامەنوسان بە شاهێد دەگرین تا ئەمڕۆ 24/4/2014 هەموو توانای خۆمان بەكارهێناوە بۆ راگرتنی كادیرە ئازا و دڵسۆزەكانی پارتی و رێبازی بارزانی لە راگەیاندن كە دان بەخۆیاندابگرن، تا شەوی رابردوو كە ڕادیۆیەكی دەنگ ناخۆش و درۆزن وشەی (سەرسەری) بەكارهێنا، دڵنیابن ئەگەر بەردەوامبن لەسەر ئەم رەفتارەیان (سەرسەریەكان) بەخەڵكی كوردستان دەناسێنین. هەر لێرەوە رووی قسەمان لە سەندیكای رۆژنامەنوسان و تەواوی رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و خەمخۆرانی ئەم گەلەیە بۆ رێزگرتن لە هەموو لایەكتان و جەماوەری كوردستان و بۆ بەخەمەوەبوونی هەبوونی كەش و هەوایەكی ئارام، بەم راگەیاندنانە بڵێن بگەڕێنەوە بۆ ئیتیك و ئەخلاقی رۆژنامەگەری، چونكە ئێمە لە روانگەی بەرپرسیارێتی حزبەكەمان و خەبات و مێژووی پارتەكەمان و پێگە و كەسایەتی سەرۆكی حزبەكەمان (سەرۆك مەسعود بارزانی) لە ئاستی كوردستان و ناوچەكە و جیهان دا ئەم بێدەنگیەمان هەڵبژاردووە نەك شتێكیتر.
وتەبێژی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24/4/2014
