سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسی باكووری كوردستان دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسی باكووری كوردستان دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووسی باكووری كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا محەمەد وەیسی ئیبەك نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی باكوور لە وتەیەكدا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەدانی بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شاری ئامەد ئەو سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد. نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی باكوور لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا داوای كرد ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان لە پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور زیاتر بكرێت.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هێمای بە ڕۆڵ و كاریگەریی ڕۆژنامەنووسان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كرد و ڕایگەیاند لە سەردەمی ئێستادا كاریگەریی قەڵەم لە تفەنگ زیاترە و ئێوە دەتوانن خزمەتێكی گەورەی پڕۆسەی ئاشتی و قووڵكردنی پەیوەندیی نێوان گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە بكەن. سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە توركیا گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ڕاستە پڕۆسەكە بە هێواشی دەچێتە پێش بەڵام خودی دەستپێكی پڕۆسەی ئاشتی دەستكەوتێكی مەزنە. سەرۆك بارزانی ئەوەیش باسكرد كە بە هەموو توانایەوە پاڵپشتیی پڕۆسەی ئاشتی دەكات. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە لەڕێی قەڵەم و ئاشتی و دیموكراسی بەرگری لە مافی خۆمان بكەین و گوتی" گەلی كورد لە كاتی پێویستدا بە چەك بەرگریی لەخۆی كردووە بەڵام ئێستا قۆناغی چەك تەواو بووە و قۆناغێكی دیكەمان لە پێشە و لەڕێی ئاشتی لە خەباتدا بەردەوام دەبین". سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كورد سەرچاوەی هەڕەشە نییە و دەستیش لە كاروباری هیچ وڵاتێك وەرنادات. كوردستان سەرچاوەی ئاساییش و بووژانەوەیە بۆ هەموو ناوچەكە.
Top