داعش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمان بەگ بۆردوومان دەكات

 داعش بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمان بەگ بۆردوومان دەكات
بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ رایگەیاند، چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بۆردوومانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەدێی سلێمان بەگیان كرد و لە ئاكامدا ژمارەیەك پۆلیس كوژران و برینداربوون.

تاڵیب ئەحمەد بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەكدارانی رێكخراوی داعش بە موشەكی هاوەن و چەكی سوك و نارنجۆك، بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەدێی سلێمان بەگیان بۆردوومان كردو لە ئاكامدا شەش پۆلیس كوژران و پۆلیسێكیش برینداربوو".

تاڵیب ئەحمەد بەیاتی هەروەها رایگەیاند، داعش چوار خانووی هاووڵاتییانیشیان تەقاندەوە، كە یەكێك لە خانوەكان هی (ویسام بەیاتی) پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و كاندیدی لیستی ئەیاد عەلاویە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

هاوكات پۆلیسەكانی بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی سلێمان بەگ بە توندی رووبەرووی چەكدارانی داعش بوونەوەو رێگەیان نەدا بارەگاكە داگیر بكەن".

13/2/2014 چەكدارانی داعش هەڵیانكوتایە سەر شارەدێی سلێمان بەگ و بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەستیان بەسەرداگرتوو بەهۆیەوە چەندین خێزان و هەڵاتن و روویان لە ناوچە ئارامەكانی دەرووبەری شارەدێكە كرد.








رووداو
Top