كۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر دەكرێتەوە
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ساڵێك زیاترە ئێمە لەگەڵ باڵیۆزخانەی كۆماری چین لە بەغدا لە پەیوەندی بەردەوامداین، دوای ئەوەی ئاگادارمان كردنەوە كە لە كۆی ئەو پێنج وڵاتەی كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیین، تەنها كۆماری چین لێرە كۆنسوڵخانەی نییە، حكومەتی چین بڕیاری لەسەر ئەوەدا كە بێن بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە پەیوەندی بەردەوامدا بوون لەگەڵ ئێمە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ".
فەلاح مستەفا گوتی "وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ راسپاردەكەی بەرزكردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی لە بەغدا راسپاردەكە قبوڵكرا".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "چەند جارێك شاندی ئەوان هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ سەیری جێگا و شوێنی مەبەست بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی كۆماری چین لە هەرێمی كوردستان و چاوەڕوان دەكەین پێش كۆتایی ئەمساڵ بێن و دەستبەكار بن، بۆ ئەوەی بتوانیین قۆناخێكی تازە لە پەیوەندییەكانمان لە گەڵ كۆماری چین دەستپێبكەین".
رووداو
