پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی گۆڤاری(گوڵان)

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیستەمین ساڵیادی گۆڤاری(گوڵان)
هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین وهونەریی لە گۆڤاری(گوڵان)

بەبۆنەی بیستەمین ساڵڕۆژی گۆڤاری(گوڵان)ەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەوخوێنەرانتان دەكەین، هەوڵ و شەكەتی و ماندووبوونتان لەو رووەوە بەهەند دەگرین و شایانی رێزوسوپاسگوزارین بۆ ئەو خزمەتە راستەقینەی پێشكەش بە رۆژنامەگەریی كوردی دەكەن.
بێ گومان گۆڤاری(گوڵان)وەك هەنگاوێكی جیددی و كەم وێنە لە گۆڕەپانی رۆژنامەوانیی كوردیدا جێ پەنجەی كاریگەرو هەمەلایەنەی دیارە لە بەرەوپێشبردنی كاروانی رۆشنبیری و كولتووریمان جا چ وەك ئەزموونێكی نوێی نێوخۆیی یا وەك پەیامێكی رۆشنبیریی و مەعریفی لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان، كە بۆتە پردی نێوان گۆڕەپانی هەرێم و بیرمەندو نووسەرو رۆشنبیرانی دەرەوە.
بەراستی بەخشش و بەرهەمی ئەوەندە ساڵە چاكترین گەواهیدەری دەوڵەمەندكردنی كولتورو فەرهەنگی رۆشنبیرییمانە، بەمەش خەمخۆرێكی دڵسۆزو راستەقینەی وشەی شیرینی كوردی و پەیامەكەیەتی بۆ زیاتر ناسین و گەیاندنی خواست و ویست و مافە رەواكانمان بە گشت خوێنەرانی.
هەڤاڵان: دەرچوونی(گوڵان) بەر لە بیست ساڵ جگە لەوەی بڕیارو هەنگاوێكی بوێرانە بوو لەرووی سیاسییەوە، نموونەیەكی زیندووی كاری پرۆفشناڵیش بوو لەرووی رۆژنامەگەرییەوە، ئەوسا بە هێزو گوڕوتینێكی جیاو چاوتیژانە هاتە مەیدانەكە، بۆیە خاوەن گوتارێكی رەخنەگرانە بوو توانی بنەماكانی كاری راستەقینەی رۆژنامەگەریی دابڕێژێ بەجۆرێك بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەزموون و ژیانی سیاسی و سیستەمی حوكمڕانیی هەرێم بكات، بەمەبەستی زیاتر رۆشنكردنەوە و هۆشیاركردنەوەی تاكی كوردو خەڵك بەگشتی و دەرخستنی كەموكوڕیەكان و پێشخستنی بنەما چاك و دەسكەوتەكانی گەلەكەمان.
پاش ئەو ئەزموونە پڕ بەرهەم و داهێنانە،كە ئەم ساڵ گۆڤارەكەتان پێ دەنێتە بیست و یەكەمین ساڵەوە، هیواخوازین بە هەمان نەفەس و رۆحیەتی بەرپرسانەو زیاتر بەردەوام بن و میسداقیەت و دڵسۆزی و بەهای پیشەوەرێتی كارە پیرۆزەكەتان بپارێزن بۆ زیاتر خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیریی و كوولتوری و مەعریفیمان و بەرەوپێشبردنی رەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، هەروەها زیاتر فراوانكردن و بەربڵاویی كارو ئەركی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریتان لە ئاییندەدا.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە ئێوەو لە خوێنەرانتان دەكەین...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
Top