پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی
بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و یادی سەدوشانزە ساڵەی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم و هیوادارم لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیاندا سەركەتوو بن. دەركردنی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان لەساڵی 1898 و لە شاری قاهیرە هەنگاوێكی پربایەخ بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی تازەی پێشخستن و گەشەسەندنی زمان و فەرهەنگی كوردستان و هەروەها بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و كۆمەڵایەتیی تاكی كورد.
بوونی میدیا و ڕۆژنامەگەریی ئازاد هۆكارێكی سەرەكییە بۆ خێراكردنی گەشەسەندنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و مرۆیی لەنێو كۆمەڵگەدا و یارمەتیی پتەوتربوونی بنەماكانی دیموكراسی و كۆمەڵگەی مەدەنی دەدات. جێگەی خۆشحاڵییە ئێستا لە كوردستاندا ژمارەیەكی زۆری دەزگەی ڕاگەیاندن و میدیایی و چاپەمەنی هەن و ڕۆڵی كاریگەرییان لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵكی كوردستاندا زۆر بەرچاوە و، ئەركی سەرشانی هەموومانە ئەو دیاردە زیندوو و مەدەنییەی وڵاتمان بپارێزین.
خوشك و برایانی ڕۆژنامەنووس و میدیاكار، ئەركی ئێوە ئەركێكی هەستیار و پیرۆزە چونكە دەتوانن ڕۆڵتان هەبێ لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێكەوەژیان و خۆشەویستیی نیشتیمان. بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەری بتوانێ ئەركەكانی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ بكات پێویستە لایەنە سیاسییەكان ڕێگە بۆ سەربەخۆیی میدیاكان خۆش بكەن و بۆ ئەوەی میدیا لە ئەركە ڕاستەقینەكانی دوور نەكەوێتەوە نابێ ببێتە ئامرازی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان.
داوایش لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەندیكای ڕۆژنامەنووسان دەكەم كە بە باشترین شێوە لە هەوڵی ئەوەدابن كە ئازادیی و ژیان و ئاساییشی ڕۆژنامەنووسە خۆشەویستەكان بپارێزن و میدیاكارانیش پابەندی ئیتك و بەهای ڕۆژنامەگەری بن بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی كوردی لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا ببێتە نموونەیەكی سەركەوتوو.
پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوادارم لە بەختەوەریدا بژیین
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
