تەنها رێگەیەك بۆ مانەوەی عێراق دوورخستنەوەی نوری مالیكی یە

تەنها رێگەیەك بۆ مانەوەی عێراق دوورخستنەوەی نوری مالیكی یە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان نزار جەنابی گوتی: من كە ئەمە دەڵێم زۆر دڵتەنگم، بەڵام لە ئێستادا پێناچێت ئاییندەی عێراق زۆر رۆشن بێت، ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە سەرۆك وەزیران راوێژی هەڵەی پێدرا كاتێ چوو بۆ ئەنبار كە خۆی و سوپاكەی خستۆتە پێگەیەكەوە بە شێوەیەك زۆر قورسە لێی قوتار بێت، زۆر گرنگە لەوە تێبگات بۆ ئەوەی لە ئەنباردا سەركەوتوو بێت و پارێزگایەكە سەقامگیر بێت، ئەوا دەبێت خەڵكی ئەنباری لەگەڵدا بێت. دوای چەندین ساڵ حكومڕانیی خراپ لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە، خەڵكی ئەنبار دوورەپەرێز خراون، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی پشتیوان نەبن یاخود بەلای كەمەوە بێلایەن نەبن لە شەڕی دژ بە ئەلقاعیدە یان داعش یان هەر ناوێكی دیكەی لێدەنێیت، ئەمەش وایكردووە كە جێ پێیەك بۆ خۆیان بكەنەوە. ئەگەر لە یادتان بێت لە ساڵی 2006 و 2007 تەنانەت سوپای ئەمریكا و مارێنزیش دركیان بەو راستییە كرد كە پێویستیان بە پاڵپشتی خەڵكی ئەنبار هەیە بۆ ئەوەی شكست بە ئەلقاعیدە بهێنن لەو ناوچەیەدا. لەبەر ئەوە زۆر قورسە بتوانیت تێكیان بشكێنێت كاتێك خەڵكەكە دژی تۆ بن یاخود پشتیوانیت لێنەكەن. ئەو راوێژەی لەلایەن سەركردایەتییەكەیەوە بە سەرۆك وەزیران درا هەڵە بوو، لە راستیدا ئەوە بڕیارێكی راست نەبوو كە بەرەو ئەنبار بچێت.

هەروەها نزار گوتی: من لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام. پەرلەمان زۆر بەلاوەنراوە، مالیكی لە بەرتیل پێدان یان ترساندنی هەندێ لە ئەندامانی پەرلەمان سەركەوتوو بووە. لەبیرتانە كاتێك هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران مالیكی درا، هەرچەندە پێشم خۆش نییە ئەمە بڵێم، مالیكی سەركەوتوو بوو لەوەی كە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بە راددەیەكی زۆر بەرەو خۆسەپێنی بچێت. دوو هەفتەی داهاتوو دەرفەتێكی باشە بۆ عێراقییەكان تاكو كۆتایی بەو دۆخە بهێنن و حكومەتێك پێكبهێنن كە ئاییندەیان بۆ مسۆگەر بكات. ئەگەر لەمەدا شكست بهێنن، ئەوا بە جددی ترسم لە ئاییندەو یەكپارچەیی وڵاتەكە دەبێت. لەبەر ئەوە ئەمە بەرپرسیارێتیی هەموو لایەكە، بە هاووڵاتیان و سیاسەتەمەدارەكانەوە، كە چاوپۆشی لە دەستكەوتی شەخسی بكەن و بیر لە دەستكەوتی گەورەتر واتە دەستكەوت بۆ وڵاتەكەیان بكەنەوە.

لە درێژەی دیدارەكەیدا جەنابی گوتی: پێموایە هێشتا ئەمریكا بایەخ بە عێراق و بایەخ بە پاراستنی دیموكراسی لە عێراقدا دەدات، پێموانیە لە ئێستادا ئەمریكا ئیرادەی یان ئامادەیی ئەوەی هەبێت دەستێوەردانی سەربازی لە عێراقدا بكات. بەڵام بە دڵنیاییەوە رۆڵێكی گەورەی دەبێت لە گفتوگۆ سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنەكان و پێموایە ئەمریكا سوودەكانی پێكهێنانی حكومەتە نوێیەكە دەبینێت.



درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵام ژمارە (973)دا.
Top