سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) له خوشك و برا مەسیحییەكان پیرۆز ده‌کات

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت) له خوشك و برا مەسیحییەكان پیرۆز ده‌کات
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خوشك و برایانی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم.

هەرێمی کوردستان بە درێژایی مێژوو بە فەرهەنگە لێبوردەییەكەی ناسراوە، ئەم فەرهەنگە بۆتە هۆی ئەوەی كوردستان ببێتە نموونەی فرەیی ئایینی و كولتووری و نەتەوەیی و ئەو فەرهەنگە كۆمەڵگەیەكی تەندروستی لە كوردستان دروست کردووە و كەس ناتوانێ‌ درزبخاتە ناو پێكهاتەكانییەوە و هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە دەبین.

لە سایەی ئەم پێکەوەژیان و فرەییەوەیە کە ئێستا لە کوردستاندا هاووڵاتیانی مەسیحی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە بە یەكسانی دەژین و ئاسایش و كەرامەت و مافەكانیان پارێزراوە. هیوادارم ئەم پێکەوەژیان و ڕێزلەیەکتری گرتنە لە سەرانسەری عێراقیشدا بچەسپێت تا هاووڵاتیانی مەسیحی چیدی ناچار نەبن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.

جارێكی دیكە پیرۆزبایی ئەم جەژنەتان لێ دەكەم و هیوادارم هەمیشە لە جەژن و ئارامی و شادیدا بن.



مسعود بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١٩/٤/٢٠١٤
Top