کەنەدا ڤیزا بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدات
فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ (باسنیوز) رای گەیاند ئەو ووڵاتانەی دێنە ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی دەکەنەوە یەک لەدوای یەک ڤیزا بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، گوتیشی:دوا ووڵات کە بڕیاری داوە فیزامان پێ بدات کەنەدایە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا باڵیۆزی کەندا سەردانی ئێمەیان کرد و دڵنیایان کردینەوە کە کاری باشیان کردوە بۆ ئەوەی ڤیزای کەنەدا بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێرەوە بدرێت.
کەنەدا یەکێکە لە ووڵاتانی ئەمریکای باکور و سیستەمی حکومرانیەکەی فیدراڵیە و لە ٣ ھەرێم پێکھاتووە، زمانی فەرمی ئینگلیزی و فەرەنسیە.
ڤیزای کەنەدا بۆ مەبەستی گەشتیاری و خوێندن و مانەوەی کاتی بەکار دێت کە لە ٣ مانگ بۆ ٦ مانگ یان زیاتریشە.
بە گوتەی فەلاح مستەفا ٣١ ووڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە ١٥ ووڵاتیان ڤیزا بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدەن و بڕیارە ووڵاتانی تریش ڤیزا بدەن، گوتیشی:ئەو ووڵاتانەی لە ھەرێمی کوردستانن کە تاوەکو ئێستا ڤیزا نادەن، خەریکی گەڵاڵەکردنی بڕیاری پێدانی ڤیزان بە ھەرێمی کوردستان، یەکێک لە بەندەکانی رێکەوتننامەی شنگنن ئەوەیە کە ھەر کەسێک بچێتە ووڵاتێک ئەوە دەتوانێت راستەوخۆ داوای ڤیزا لەو ووڵاتە بکات.
بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەشدا کە ھیچ یەکێک لەو ووڵاتانەی کە نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان نیە کە ڤیزا بە خەڵکی کوردستان نەدەن، گوتیشی:ھەموو ووڵاتەکان دەیانەوێت ڤیزا بدەن، ئەوانەی نەیانداوە داوامان لێکردون ڤیزا ،بەڵام چونکە کار بەدەست و ئامێری تەواویان نیە ئەگەرنا زۆربەیان نیازی ئەویان ھەیە و حەزیش دەکەن ڤیزا بە خەڵکی کوردستان بدەن.
