هاكان فیدان ئامادەی دانیشتنی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بوو

 هاكان فیدان ئامادەی دانیشتنی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بوو
میدیاكانی توركیا بە گرنگییەوە لە كۆبوونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغانیان روانی، بەتایبەت لەبارەی پەیوەندییە ئابوورییەكان و ئامادەبوونی راوێژكاری دەزگای میت لەو دانیشتنەدا.

دوێنی چوارشەمە، 16.4.2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لە ئەنكەرە كۆبوونەوە، ئەمەش یەكەم بینینیانە لە دوای هەڵبژاردنەكانی شارەوانی توركیا، كە پارتەكەی ئەردۆغان سەركەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهێنا.

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەركەوتنی ئاكپارتی لە هەڵبژاردنەكان له ئەردۆغان كردووە و سەرۆك وەزیرانی توركیاش ستایش و پێزانینی خۆی پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بارزانی و ئەردۆغان تیشكیان خستەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و داكۆكییان لەوە كردەوە كە دەبێ لە هەردوو لاوە تەواوی ئاسانكاری پێشكەش بكرێت بۆ ئەوەی رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ توركیادا بگاتە ئاستێكی بەرزتر و فراوانترین بوارەكان بگرێتەوە.

میدیاكانی توركیا(Star, NTV , CNNTurk, AKSAM) لەگەڵ ئەوەی بە گرنگییەوە لەسەردانەكەیان روانی بوو، كەناڵی سی ئێن ئێن تورك لە راپۆرتێكدا باسی لە ئامادەبوونی هاكان فیدان، راوێژكاری دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) كردووە، كە رۆڵێكی باڵای لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بینیووە.

بە پێی راپۆرتی ئەو كەناڵە، ئەردۆغان لە كۆبوونەوەكەدا، سووربونی خۆی لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەربڕیووە و باسی لەوە كردووە كە پاكپێجەكانی دیموكراتی بەردەوام دەبن.








رووداو
Top