سەفین دزەیی: تەسلیمی ئیرادەی بەغدا نابین

 سەفین دزەیی: تەسلیمی ئیرادەی بەغدا نابین
لە لێدوانێكدا سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەند بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام "تەسلیم بە ئیرادەی بەغدا نابین".

سەفین دزەیی رایگەیاند، كە رێژەیەكی زۆر لە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی توركیا كراوە لە رێگەی بۆرییەكی نوێی گواستنەوەی نەوتەوە، بەڵام "لە توركیا عەمباركراوە و هیچی لێ نەفرۆشراوە".

گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند، کە ئەوان چاوەڕێ دەكەن لەگەڵ بەغدا رێکبكەون بۆ فرۆشتنی ئەو نەوتە عەمباركراوە، هاوكات ئەوەشی نەشاردەوە، كە "گەیشتن بە رێکكەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەند لەم كاتەدا زەحمەتە بە هۆی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق". لەگەڵ ئەوەش، دزەیی رایگەیاند، "هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە چارەسەر، چونكە خێر و بێری فرۆشتنی نەوتی كوردستان بۆ هەموو عێراقییەكان دەبێت". هەروەك جەختی لەوەشكردەوە، كە دەبێت "رێكکەوتنەكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت" و تەسلیمی ئیرادەی بەغدا نەبن.

دزەیی باسی لە سەردانەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر کرد و ئاشكرای كرد، كە "كۆمەڵێك تۆمەت خراونەتە پاڵ هەرێم لە پەرلەمانی عێراق و ئاشتی هەورامی، وەزیری سەرچاوە سروشتییەكان وەڵامی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە".

سەبارەت بە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە، دزەیی رایگەیاند، كە "پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا، بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و كۆبوونەوەی هەردوولا پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەكانی ناوچەكە".

گوتەبێژی حكومەت ئەوەشی ئاشكراكرد، كە سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی رەجەب تەیب ئەردۆغانە و لە كاتی پەیوەندی تەلەفۆنی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان بۆ پیرۆزكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، ئەردۆغان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی كردووە بۆ سەردانی ئەنقەرە.

هاوكات دزەیی رایگەیاند، كە شاندەكەی هەرێمی کوردستان جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، "چاویان بە ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا دەکەوێت" و لەسەر مێزی گفتوگۆكان، باس لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و دۆسیەی وزە و پێشهاتەكانی سووریا و ناوچەكە دەكەن.

ئەمە یەكەم سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەنقەرە، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لە توركیا، كە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار براوەی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنەبوو.








رووداو
Top