کەرکووک..دەزگای خێرخوازیی بارزانی مووچەی چوار مانگی ژمارەیەک منداڵانی بێباوکی دابەشکرد
لە راگەیەنراوێکی ئەو دەزگایە ھاتووە, رۆژی ١٣/٤/٢٠١٤ لەبەردەوامی خزمەتکردنی منداڵانی بێباوک لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان, پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ھەڵمەتێکی فراواندا مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی منداڵانی بێباوک لەشاری کەرکووک و دەوروبەری دابەشکرد, تیایدا ھەزار منداڵ سوودمەندبوون و بۆ ھەر منداڵێک بڕی ٢٠٠ دۆلاریان پێبەخشرا.
سەبارەت بە بەردەوامی پرۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دابەشکردنی یارمەتی و مووچەی منداڵانی بێباوک (ئازیز) لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان, موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: پرۆژەی چاودێریی ئازیزان بەشێوەیەکی بەردەوام و ھەر چوار مانگ جارێک مووچەی بێباوکان دابەش دەکات, ئەمیش بە دوو قۆناغ دەبێت, قۆناغێکیان لەلایەن مانگی سووری ئیماراتییەوە مووچەکانیان دابین دەکرێت و قۆناغی دووەمیش لەلایەن دەوڵەمەند و خێرومەندانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانەوە کافل کراون و مووچەیان پێدەدرێت.
وتیشی: ئەوەی ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی رابردووە کە قۆناغی کوردستانە و تیایدا ھەزار منداڵی ئازیزی شاری کەرکووک و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن, بۆ ھەر منداڵێکی ئازیز بڕی ٢٠٠ دۆلاریان وەک ھاوکاری پێدەدرێت.
