پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمهتهكانی پهیهده لهبارهی ههڵكهندنی خهندهق له سنووری رۆژئاوا رهتدهكاتهوه
دوای ئەوەی پارتی یەكێتی دیموكراتی، پارتی دیموكراتی كوردستانی بەوە تۆمەتبارکرد، كە خەندەقی لە سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان لێداوە و ئەو كارەی بە خیانەتی پارتی دانا، سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا، كە لە ماڵپەری فەرمی ئەو حیزبە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەكات، كە "پارتی هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بەو ئیجرائاتە ئەمنییەوە نییە"، كە لەسەر سنوورەكاندا دەكرێت، بەڵكو ئەوە حكومەتی هەرێم و دەزگا سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێمن، كە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، "پەیەدە لە رێی پەیوەندی و سەفەقاتی گوماناوی لەگەڵ نەیارانی گەلەكەمان، گەلی كوردیان لە رۆژئاوا كردووەتە ئەسیری خۆیان و ناهێڵن دۆزی كورد لەم بەشەی كوردستاندا بەرەو پێشەوە بچێت".
لە بەشیكی دیكەی ئەو راگەیەندراوەدا، ئاماژە بەوە كراوە، كە "پەیەدە یەكڕیزیی گەلی كوردیان پێشێلكرد و پەیمانشكێنییان كرد و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ نەیارانی كوردستان بەست. لەپێناو بەرژەوەندییەكانی رژێم شەڕیان بەسەر گەلی كورد سەپاند و ئێستاش بە چەواشەكاری و قسەی بێبنەما دەیانەوێ خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی دی لە راستییەكان بگەیەنن."
بەپێی راگەیەنراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پەیەدە پارتی بە خیانەت تۆمەتبار دەکات، دەیەوێ "لەو رێگەیەوە شكستی هەڵسوكەوت و سیاسەتی خۆیان لە رۆژئاوا پەردەپۆش بكەن".
هەروەها لە روونکردنەوەی پارتیدا هاتووە، "بۆ دەبێ بۆ ئەوەی ئەوان قاچاخچێتیی خۆیان بكەن، حەڤدە كیلۆمەتری سنوور كراوە بێت وهەر كاتێك تیرۆریستیان ویستیان، بێنە ناو هەرێم و زیان بە ئاسایشی كوردستان و هاووڵاتیان بگەیەنن؟"
دەقی روونكردنەوەكەی پارتی:
ماوەی چەند ڕۆژێكە بەرپرس و راگەیاندنەكانی سەر بە پەیەدە لە چەواشەكارییەكانیان لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامن و باس لەوە دەكەن كە، پارتی خەندەق لەسەر سنووری رۆژئاوا لێ دەدات.
رای گشتیی كوردستان لەوە ئاگادار دەكەینەوە كە پارتی هیچ جۆرە پەیوەندییەكی بەو ئیجرائاتە ئەمنییەوە نییە كە لەسەر سنوورەكاندا دەكرێت، بەڵكو ئەوە حكوومەتی هەرێم و دەزگا سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێمن كە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چۆن هەرێمی كوردستان و سنوورەكانی لە هەڕەشەی تیرۆریست و قاچاغچییەكان بپارێزن، چونكە ئاساییشی هەرێم و گیانی هاووڵاتیان هێڵی سوورە و دەبێ لە هەڕەشەكان بپارێزرێن.
پەیەدە و سیاسیەتەكانی كە بوونەتە كێشە بۆ گەلی كورد لە رۆژئاوا بە تەوجیهی نەیارانی كورد هەر رۆژە و بە جۆرێك هەرچیی قسەی بێبنەمایە ئاراستەی پارتی دەكەن و دەیانەوێ لەو رێگەیەوە شكستی هەڵسوكەوت و سیاسەتی خۆیان لە رۆژئاوا پەردەپۆش بكەن.
پەیەدە لە رێی پەیوەندی و سەفەقاتی گوماناوی لەگەڵ نەیارانی گەلەكەمان، گەلی كوردیان لە رۆژئاوا كردووەتە ئەسیری خۆیان و ناهێڵن دۆزی كورد لەم بەشەی كوردستاندا بەرەو پێشەوە بچێت. یەكڕیزیی گەلی كوردیان پێشێل كرد و پەیمانشكێنییان كرد و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ نەیارانی كوردستان بەست.
لەپێناو بەرژەوەندییەكانی رژێم شەڕیان بەسەر گەلی كورد سەپاند و ئێستاش بە چەواشەكاری و قسەی بێبنەما دەیانەوێ خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی دی لە راستییەكان بگەیەنن. لەو كاتەی چەند لایەنێكی كوردی بڕیاری یەكڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردیان داوە و پارتێكی تازە و خاوەن جەماوەر كە لە تێكۆشەرە راستەقینەكانی رۆژئاوا پێكهاتووە، بەرپرسانی پەیەدە ئەم چەواشەكارییە نوێیەیان دەست پێكردووە و چاویان بە یەكڕیزی و سەربەرزیی گەلی كورد هەڵنایێت.
خەڵكی كوردستان لەوە ئاگادار دەكەینەوە كە خاڵی سنووریی سێمالكا بە شێوەیەكی رەسمی كراوەیە، بەڵام بە درێژایی حەڤدە كیلۆمەتر سنوور ئاواڵەیە و تیرۆریستان كە هاوپەیمانی هاوپەیمانەكەی پەیەدەن بە ئاسانی دەتوانن دزە بكەنە ناو هەرێمی كوردستان و زیان لە ئاساییشی هەرێم بدەن. بۆیە دەزگەكانی ئاساییشی هەرێم ئەركی سەر شانیانە ئیجرائاتی پاراستنی هەرێم جێبەجێ بكەن و نەهێڵن پیلانی نەیارانی گەلی كورد سەر بگرێت. حكومەتی هەرێم زۆر باش دەزانێ چۆن سنوورەكانی بپارێزێت و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەت لە كەس وەرناگرێت.
ئەگەر مەبەستی پەیەدە قاچاغچێتی یان ئاسانكاری نەبێت بۆ تیرۆریستان بۆ بە رێگای یاسایی و رەسمی كە سێمالكایە هاتوچۆ ناكەن؟ بۆ دەبێ بۆ ئەوەی ئەوان قاچاغچێتیی خۆیان بكەن دەبێ حەڤدە كیلۆمەتری سنوور كراوە بێت و هەر كاتێك تیرۆریستیان ویستیان بێنە ناو هەرێم و زیان بە ئاساییشی كوردستان و هاووڵاتیان بگەیەنن؟
سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان
13/4/2014
