قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ خرایه‌ سەر پارێزگای سلێمانی

 قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ خرایه‌ سەر پارێزگای سلێمانی
قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند" قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ بە تەواوی خرایه‌ سه‌ر پارێزگای سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەو پرسە."

ئامانج محەممەد، قایمقامی چەمچەماڵ سەبارەت بەو پرسە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند"ئێستا زۆربەی فەرمانگەکانی قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانین، پێشتر ئەو بڕیارەی لەسەر دراوە، بەڵام چەند فەرمانگەیەکی مابوو وەک یەکە کارگێڕییەکان و ئەو فەرمانگانەی کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.

قایمقامی چەمچەماڵ وردەکاری ئەو ئاڵوگۆڕە ئیداریەی باسکرد و گوتی"لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە ساڵی رابردوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە سلێمانی سازدرا فەرمانی بۆ ئێمە و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەرکرد کە کۆبوونەوەیەک ساز بدەین و لە کۆنووسێکدا وەڵامیان بدەینەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی مەرجەعییەتی ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ."
قایمقامی چەمچەماڵ سەبارەت بە تەواوبوونی ئەو پرسە گوتی"جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر بڕگەی چواری یاداشتەکەی من و پارێزگاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و بڕگەی چواریش پەیوەندی هەیە بە ئەوەی کە سەرجەم فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆ کە ماونەتەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیان بخرێنە سەر پارێزگای سلێمانی"






رووداو
Top