ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنكاری پارتی و كۆمەڵ
ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، مەڕوان گەڵاڵی، ئەندامی شاندی دانوستاندكاری كۆمەڵی ئیسلامی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ درێژەدەری كۆبوونەوەكانی رابردوو بوو و لەسەر ئەو پێشنیاز و داواكارییانەی ئێمە بۆ برادەرانی پارتی گفتوگۆی زۆر كرا و لەسەر خاڵێك راوەستاین كە برادەرانی پارتی پێشنیازێكی نوێیان خستە بەردەم ئێمە".
مەڕوان گەڵاڵی گوتیشی "پێویستدەكات سەركردایەتی كۆمەڵ قسە لەسەر ئەو پێشنیازانەی برادەرانی پارتی بكات بۆ وەڵامدانەوەیان و دواتر كە سەركردایەتی قسەی خۆی كرد لە راگەیەندراوێك بڵاویاندەكەینەوە."
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە پێشنیازەكەی پارتی بكات، ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنكاری كۆمەڵ دەڵێت "ئەو پێشنیازانەی كە بە ئێمە دراون پێشنیازی وەزارەت و جیا لە وەزارەتیشن، ئێمە تاوەكو ئێستا رێككەوتنمان نەكردووە و خاڵێكی وەهاش نییە بێتە مایەی تێكدانی دانیشتنەكان، بەڵام پێشنیازەكانی ئێمە لەلایەن برادەرانی پارتییەوە وەڵام درانەوە و وەڵامەكانیش ئەرێنی بوون و لە دوو رۆژی داهاتوودا رایاندەگەیەنین".
گەڵاڵی ئاماژەی بەوەكرد كە پارتی جیدییە لە بەشداریپێكردنی لایەنە ئیسلامییەكان لە كابینەی داهاتووداو گوتی "ئێمە گوتوومانە بەقەدەر قەبارە و ئیستیحقاقی خۆمان داوای پۆستەكان دەكەین و پارتیش جیدی بوو لە بەشداریپێكردنی ئێمە لە كابینەی داهاتوودا، ئەو دەنگۆیەش كە دەگوترا پارتی نایەوێت ئیسلامییەكان بەشداری لە حكومەت بكەن هیچ بنەمایەكی نییە".
شاندی دانوستاندكاری پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی پێكهاتبوو لە فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، دڵشاد شەهاب و مەحموود محەممەد. هەروەها شاندی دانوستاندنكاری كۆمەڵی ئیسلامیش بە سەرۆكایەتی عەبدولستار مەجید هەریەك لە مەڕوان گەڵاڵی، بیلال سلێمان و تۆفیق كەریمی لە خۆدەگرت.
رووداو
