ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی پارتی و گۆڕان

 ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی پارتی و گۆڕان
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕان داوای جێگری وەزارەتی ناوخۆ و سێ وەزارەتی كردووە، بەڵام پارتی رەتیكردووەتەوە و پێشنیازی سێ وەزارەتی دیكەی خستووەتە بەردەم شاندی ئەو بزووتنەوەیە.

بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا داوای وەزارەتی ناوخۆ یان سامانە سرووشتیيەكانی كردووە، بەڵام شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو داوایەی رەتكردووەتەوە.

هەروەها دوای رەتكردنەوەی ئەو داویەی گۆڕان لە لایەن پارتییەوە، شاندی گۆڕان رازیبووە بە وەرگرتنی وەزارەتی پێشمەرگە بە مەرجێك، جێگری وەزیری ناوخۆیان پێبدرێت و دەسەڵاتی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازیش سنووردار بكرێت.

دواتر شاندی پارتی لەسەر ئەو مەرجانەی گۆڕان كە داوایكردوون پێشنیازی كردووە ئەو پرسە هەڵبگیرێت بۆ دوای كۆبوونەوەكان و دوای پێكهێنانی حكومەت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕان كە لەلایەن عومەری سەید عەلی- یەوە سەرۆكایەتی دەكرا، داوایكردووە وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، شارەوانی و پەروەردەیان پێبدرێت، بەڵام شاندی پارتی ئەو داوایەی گۆڕانیشی رەتكردووەتەوە و پێیان گوتوون كە ناتوانن ئەو وەزارەتانە بدەن بە گۆڕان.

لە بەرامبەریشدا شاندی دانوستاندكاری پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، پێشنیازی وەزارەتەكانی تەندرووستی، رۆشنبیری و گواستنەوە و گەیاندنی خستووەتە بەردەم شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕان.

هاوكات بە پێی زانیارییەكانی پەیامنێری رووداو كە لە شوینی كۆبوونەوەكە ئامادەبوو، بڕیاروایە هەردوولا لە داهاتوویەكی نزیكدا وەڵامی پێشنیازەكانی یەكتر بدەنەوە و وەفدی دانوستاندكاری بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای راگۆڕینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە وەڵامی پێشنیازەكانی پارتی بداتەوە.

وەفدی‌ دانوستانكاری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێكهاتبوون لە (عومەری‌ سەید عەلی‌، مستەفای‌ سەید قادر، جەلال جەوهەر، د. محەممەد حاجی‌ و د. ئاكۆ حمە كەریم) وەفدی‌ پارتیش پێكهاتبون لە (نێچیرڤان بارزانی‌، فازڵ میرانی‌، ئازاد بەرواری‌، دڵشاد شەهاب، د.رۆژ نوری‌ شاوەیس و تەها بەرواری‌).

هەر ئەمڕۆ شاندی دانوستاندكاری پارتی دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ گۆڕان، لەگەڵ وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كۆبووەوە بۆ چۆنییەتی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان خۆیاندا، كە دوێنێ یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆیدا جەختیكردەوە لەسەر حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانیی و سووربوونی خۆشیان دەربڕی لەسەر پشكی خۆیان لەكابینەی نوێدا.










رووداو
Top