بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی لەگەڵ پارتی دەکات
سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ شاندی دانوستاندنكاری یەكێتی بە سەرۆكایەتی دكتۆر بەرهەم ساڵح، لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ دەكەین سەبارەت بە چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان."
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتی، "چاوەڕێ دەكەین بزانین كۆبوونەوەكەی پارتی و گۆڕان بە كوێ دەگات و پارتی وەڵامی چی دەبێت بۆ ئێمە، ئەو كاتە ئێمە قسەی خۆمان لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەكەین."
دوێنێ یەكشەممە 6.4.2014، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جیگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی كۆبووەوە و بە پێی راگەیەنراوێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش، "پێكهێنانی كابینەكە، زۆر گرنگە بۆ هەلومەرجەكە و پرۆسەی هەڵبژاردنیش. یەكێتی، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانیی، دووپاتیشی دەكاتەوە، كە سوورە لەسەر پشكی خۆی لەكابینەكەدا، لەكۆبوونەوەی رەسمیشدا، دوا بڕیاری یەكێتیی، لەهەموو بارێكەوە، بەوەفدی دانوستاندنکاری پارتیو لایەنەكانی دیکەش، لەلایەن وەفدی دانوستاندنکاری یەكێتییەوە، رادەگەیەندرێ."
هەر دوێنێ، ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 1/4/2014 بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبووەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازێكی نوێ خرایە بەردەم لایەنەكان و بەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بمێنێتەوە و یاریدەدری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگەش دەدرێتە یەكێتی، پۆستی وەزارەتی ناوخۆش لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێنێتەوە
رووداو
