شاندی دانوستاندنکاری گۆڕان گەیشتە ماڵی بارزانی و کۆبوونەوە دەستیپێکرد

شاندی دانوستاندنکاری گۆڕان گەیشتە ماڵی بارزانی و کۆبوونەوە دەستیپێکرد
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی پارتی و گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دوایین هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

ئاكۆ حەمە كەریم، ئەندامی شاندی دانوستاندنكاری بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە 7-4-2014 لە كاژێر11.30 خولەك، ئێمە وەك شاندی دانوستاندنكاری بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی كاك عومەر سەید عەلی لە هەولێر و لە ماڵی كاك نێچیرڤان بارزانی كۆدەبینەوە".

رۆژی یەکشەممە 6.4.2014، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبووەوە و جەمال محەممەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بەو كۆبوونەوەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشنیازە نوێیەکەی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەوەی، كە بزووتنەوەی گۆڕان وەزارەتی پێشمەرگە وەربگرێت لەجیاتی وەزارەتی ناوخۆ، تاوتوێكرا. یەكەیەكەی هەڤاڵانی ناو جڤاتی نیشتمانی لەسەر ئەو پێشنیازە قسەیان كرد و دەرەنجامەكەشی راسپێردرا بە شاندی دانوستاندنكاری بزووتنەوەی گۆڕان، كە سبەینێ وەڵامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەنەوە، كۆبوونەوەكەش ئیجابی و سەركەوتوو بوو."

هەر دوێنێ یەکشەممە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجام دا.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 1/4/2014 بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆبووەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازێكی نوێ خرایە بەردەم لایەنەكان و بەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بمێنێتەوە و یاریدەدری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێشمەرگەش دەدرێتە یەكێتی، پۆستی وەزارەتی ناوخۆش لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێنێتەوە.




شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتە ماڵی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری هەولێر.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دوای گەیشتنی شاندی گۆڕان بۆ ماڵی نێچیرڤان بارزانی، کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا دەستیپێکرد.
بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا، شاندی گۆڕان وەڵامی بزووتنەوەکەیان لە بارەی دوایین پێشنیازی پارتی بدەنە شاندی پارتی.
پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێکی خستەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان، بەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە گۆڕان.


رووداو
Top