نێچیرڤان بارزانى: ده‌ستوورى عێراق مافى به‌ ئێمه‌ داوه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش سازش له‌سه‌ر مافه‌كانمان ناكه‌ین

 نێچیرڤان بارزانى: ده‌ستوورى عێراق مافى به‌ ئێمه‌ داوه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش سازش له‌سه‌ر مافه‌كانمان ناكه‌ین
له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى ئاسمانى ئاسیاى عێراقى، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌ چه‌ند پرسێكى په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و نه‌وت و و قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا كرد .

له‌ به‌رایى دیمانه‌كه‌دا، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێم گوتى ده‌ستورێكمان هه‌یه‌ له‌ عێراق سه‌دا هه‌شتاى خه‌ڵكى عێراق ده‌نگیان بۆ داوه‌ و ئێمه‌ له‌ ساڵى 2003 به‌ ئاره‌زووى خۆمان چوین بۆ به‌غدا و هاوبه‌شیمان كرد له‌ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى عێراق، گووتیشى كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى ئێستاى عێراق زۆر جار به‌ شێوه‌یه‌كى یه‌كسان مامه‌ڵه‌ ناكات، كێشه‌كه‌ له‌ چۆنیه‌تى ئیشكردن دایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌نارده‌كردنى سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ ده‌ستورێكمان هه‌یه‌ و تێیدا مافى به‌ هه‌رێمى كوردستان داوه‌ موماره‌سه‌ى ئه‌و مافه‌ى خۆمان بكه‌ین و نه‌وت ده‌ربهێنین و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش سازش له‌و مافه‌ى خۆمان ناكه‌ین و ئێمه‌ گرێبه‌ستى شه‌راكه‌تمان كردوه‌ كه‌ جیایه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌دا حه‌وتى بۆ كۆمپانیایه‌ ئه‌وه‌ش مافى خۆیانه‌ چونكه‌ به‌دواى نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێن. سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتى توركیا، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێم رایگه‌یاند كه‌ توركیا وڵاتێكى دراوسێیه‌ و كارێكى سروشتیه‌ كه‌ په‌یوه‌ندى هه‌بێت و هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك به‌شێكى گرنگ بێ گومان هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ توركیادا، هه‌بێت و هه‌روه‌ها ئه‌جێنداى كارى ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى عێراق و توركیایه‌.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى دۆزى كورد له‌ توركیا، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراى كرد كه‌ پێویسته‌ توركیا به‌ جددى كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ بكات.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كه‌ركووكیش، سه‌رۆكوه‌زیران گووتى: زێده‌ڕۆیى به‌ كێشه‌ى كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌و پێیه‌ى كێشه‌ى كه‌ركووك نه‌وت نیه‌، چونكه‌ ئێسته‌ له‌ هه‌موو به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، نه‌وت هه‌یه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ش، مادده‌یه‌كى ده‌ستوورى له‌ نێو ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى وڵات دانراوه‌ و تیایدا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ى كه‌ركووك دانراوه‌ ، مادده‌ى سه‌د و چلیش ته‌نیا كه‌ركووك ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ناوچه‌ى دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌غدا بڕیارى نه‌داوه‌، هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌شێك بێت له‌ سیسته‌مى به‌رگرى و ئێستاش ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر پێویستى به‌ پێشمه‌رگه‌ بكات، له‌ هه‌ر به‌شێكى عێراق دا، ئه‌وا پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌.

له‌ مه‌ڕ قۆناغى دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێسته‌ له‌گه‌ڵ هیچ رێككه‌وتن لایه‌نێك نه‌كراوه‌ و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش، گرنگه‌ و هه‌رێمى كوردستانیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ قسه‌ى خۆى ده‌بێت و دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رچاومان روونتر ده‌بێت.سه‌باره‌ت به‌ پشتگیریكردن له‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى مالیكیش ، بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیران بۆ جارى سێیه‌م، نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند كه‌ ئێمه‌ هێَڵى سوورمان بۆ هیچ كه‌سێك نیه‌، به‌ڵام واى نابینم كه‌ وه‌ك جاره‌كانى تریش ببێت، به‌و پێیه‌ى ئێمه‌ له‌ ماوه‌كانى رابردوو ئه‌زمونێكى سه‌ختمان له‌گه‌ڵ نورى مالیكیدا، هه‌بووه‌ و بۆیه‌ به‌ دیتنى ئێمه‌ پۆستى سه‌رۆكوه‌زیرانى داهاتووى عێراق، له‌ داواكاریه‌كانى ته‌نیا هه‌رێمى كوردستان كورت نابێته‌وه‌ و ئێسته‌ش نورى مالیكى سه‌رۆكوه‌زیران له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كان كێشه‌ى هه‌یه‌ و كێشه‌كه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان نیه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى ناخۆیى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ناوه‌خۆدا كورد جیاوازى هه‌بێت به‌ڵام كورد سه‌لماندوویه‌تى كه‌ هه‌ڵوێستى یه‌كگرتوویان به‌رانبه‌ر به‌ حكوومه‌تى به‌غدا هه‌یه‌. له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ له‌ باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانی، نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر چه‌ند پێكهێنانى حكوومه‌ت دوابكه‌وێت، به‌ڵام گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووان به‌شدارى له‌و حكوومه‌ته‌دا، بكه‌ن و پێویستیشه‌ به‌ ئارامیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كه‌كان مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێكنه‌هێنانى حكوومه‌ت به‌ره‌ى كورد له‌ به‌رانبه‌ر به‌غدا پارچه‌ ناكات.

له‌ كۆتایدا، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ ته‌نیا گفتوگۆ كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر ده‌كات، نه‌وه‌ك بڕینى مووچه‌ى خه‌ڵك.
Top