سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی بەشداربووانی كۆنفڕانسی زانكۆی سەلاحەدین دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەرانی بەشداربووانی كۆنفڕانسی زانكۆی سەلاحەدین دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 4ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی نوێنەرانی بەشداربووانی كۆنفڕانسی زانكۆی سەلاحەدین كرد كە پێكهاتبوون لە نوێنەرانی ئەزهەر و كەنیسەی كاتۆلیك و ژمارەیەك كەسایەتیی ئایینی و ئاكادیمیی جیهانی و عەرەبی.

لە دانیشتنێكدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و كورتەیەكیان لە كار و چالاكییەكانی كۆنفڕانسەكە بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە تایبەت بوو بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیانی ئایین و پێكهاتە جیاجیاكان و دژایەتیكردنی توندوتیژی. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان سەرسووڕمانی خۆیان نیشان دا بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەبواری پێكەوەژیانی ڕاستەقینەی پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و ڕایگەیاند كە گۆڕینەوەی ڕابۆچوونی نێوان گەلان بابەتێكی زۆر ئیجابییە و ئێمە پێویستیمان بە یەكتری هەیە و دەبێ لەیەكتێگەییشتن لەنێوان گەلاندا هەبێت. هەروەها سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەمێژووی پێكەوەژیان و لێبووردەیی گەلی كورد لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی خستەڕوو و، ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كورد لە خەباتی خۆیدا دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە و ئینكاركردنی بەرانبەر نەبردووە و هەوڵی داوە هەمیشە لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە دەست پێ بكات و ئەوەیشی لە دوای ڕاپەڕینی 1991 و دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003 بە كردەوە سەلماند.

قسەكردن لەسەر بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئەمنیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
Top